Accessibility links

فەڕەنساییەکان داوای پاراستنی دیموکراسی دەکەن لە میانمار


کۆشکی سەرۆکایەتی فەڕەنسا
کۆشکی سەرۆکایەتی فەڕەنسا

حکومەتی فەڕەنسا داوا لە سەرکردە لەشکرییەکانی میانمار دەکات تا ڕێز لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی مانگی 11ی ڕابردوو بگرن، پاش ئەوەی ئۆن سان سوچی و ڕێبەرانی تری سیڤیلی دوابەدوای کودەتاکردن، دەستگیرکراون.

گابرێل ئاتال، وتەبێژی حکومەتی فەڕەنسا دەڵێت "لەو هەڵبژاردنانەی مانگی یازدەدا، ئۆن سان سوچی هەڵبژێردراوە و لەم ڕەوشەی ئێستادا داوا دەکەین ڕێز لە سندوقەکانی دەنگدان بگیرێت، ڕێز لە دەنگی خەڵکی میانمار بگیرێت."

ئاتال لە لێدوانەکەیدا بۆڕادیۆی فەڕەنسا ئینفۆ، ئاماژەشی بەوە کردووە کە وڵاتەکەی چاودێری ئەم ڕووداوە دەکات و لەگەڵ هاوبەشەکانیدا باس لە چۆنیەتی وەڵامدانەوەی دەکات و بەتایبەتیش لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکاندا.

ڕێبەران لە سەرانسەری جیهاندا، ناڕەزاییان دەربڕیوە بەرامبەر ئەو کودەتایەی لە میانمار کراوە پاش چەند هەفتەیەکی بەرزبوونەوەی پشێوییەکان لە نێوان لەشکر و حکومەتی سیڤیلی وڵاتەکەدا.

لەشکر لە میانمار بۆ زیاتر لە 50 ساڵ فەرمانڕەوایەتی وڵاتەکەی کردووە.

ئۆن سان سوچی و وین میانت، سەرۆکی میانمار، لە نایپیاداو بەر لە خۆرهەڵاتن دەستگیرکراون. دەستگیرکردنیشیان چەند کاتژمێرێک بەر لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی میانمار بووە لە دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی 11وە.

لەشکر دەڵێت لەو دەنگدانەی مانگی یازدەدا فێڵ و تەڵەکە کراون، هەر بۆیە لایەنەکەی ئۆن سان سوچی "کۆمکاری نیشتمانی بۆ دیموکراسی" بە ئاسانی هەڵبژاردنی بردۆتەوە.

وتەبێژی حکومەتی فەڕەنسا دەڵێت پاریس نیگەرانیشە لەبارەی پارێزراوی هاوڵاتیانی فەڕەنسایی لە میانمار و دەشڵێت وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە نزیکەوە چاودێری ڕەوشەکە دەکات.

XS
SM
MD
LG