Accessibility links

بە هەزاران کەس لە ڕوسیا دەستگیر دەکرێن وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەش ئاگاهی دەدات


پۆلیسی ڕوسیا و دەستگیرکردنی لایەنگرانی ڕێبەری ئۆپزسیۆنی وڵاتەکە
پۆلیسی ڕوسیا و دەستگیرکردنی لایەنگرانی ڕێبەری ئۆپزسیۆنی وڵاتەکە

هەزاران کەس لە سەرانسەری ڕوسیادا خۆپیشاندانیان کردووە و داوای ئازادکردنی ئالیکسی ناڤاڵنی ڕێبەری ئۆپزسیۆن دەکەن.

خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ یەکشەممەی ڕوسیا، جارێکی تر بوونەتەوە مایەی ناڕەحەتی کرملن و وەک کۆمەڵەکانی چاودێری دەڵێن هێزەکانی پۆلیس زیاتر لە 4000 کەسیان دەستگیرکردووە.

دەسەڵاتداران لە ڕوسیا هەوڵێکی زۆریان داوە بۆ کۆنترۆڵکردنی خۆپیشاندانەکان، پاش ئەوەی لە هەفتەی ڕابردوودا دەیان هەزار کەس ڕژابوونە سەر شەقامەکان کە بە گەورەترین شەپۆلی ناڕەزایی دەربڕین دانراوە لە ڕوسیادا.

وێڕای هەڕەشەکردن بە زیندانیکردن و ئەو ئاگاهیانەی لە ڕێی تۆڕەکانی سۆشیال میدیاوە دراون، بەڵام ئەمڕۆ یەکشەممە جارێکی تر خۆپیشاندان لە زۆرێک لە شارەکانی ڕوسیادا کراون.

ناڤاڵنی تەمەن 44 ساڵ، ناودارترین ڕەخنەگرە لە ڤلادمیر پوتن سەرۆکی ڕوسیا، ڕۆژی 17ی مانگی یەک دەستگیر کرا، هاوکاتی گەڕانەوەی لە ئەڵمانیا.

ئەم ڕێبەرەی ئۆپزسیۆنی ڕوسیا 5 مانگ لە ئەڵمانیا بوو بۆ چارەسەرکردنی ژەهراوی کردنەکەی، لۆمەی ئەو ژەهراویبوونەیشی لە ئەستۆی کرملن نراوە.

دەسەڵاتدارانی ڕوسیا ئەو گوناهبارکردنەوەیە ڕەت دەکەنەوە.

لە مۆسکۆ، دەسەڵاتداران ڕێوشوێنی بێ پێشینەی ئاسایشییان گرتۆتەبەر و ئەو وێستگانەی شەمەندەفەریشیان داخستووە کە نزیکن لە کرملن و هاتوچۆی ئۆتۆمبێلیشیان سنوردار کردووە و فرمانیشیان داوە چێشتخانەکان و بازاڕەکانیش نەکرێنەوە.

تیمەکەی ناڤاڵنی لە سەرەتادا داوای کردبوو خۆپیشاندان لە مەیدانی لوبیانکا بکرێت، بارەگای سەرەکی دەزگای فێدراڵی ئاسایش لەو مەیدانەیە و ئەم دەزگایە وەک ناڤاڵنی دەڵێت "بەرپرسیارە" لە ژەهراوی کردنەکەی.

پاش ئەوەی هێزەکانی پۆلیس، چواردەوری ئەو مەیدانەیان گرتبوو، خۆپیشاندەران چوونە مەیدانێکی تری سەرەکی کە نزیکەی کیلۆمەتر و نیوێک لە مەیدانی لوبیانکا دوورە.

سەدان خۆپیشاندەر لەناوجەرگەی مۆسکۆدا دروشمی "پوتن دەست لە کار بکێشەرەوە"یان دەگوتەوە و چەندان دروشمی تری وەک "پەتن دز" ئەمەش وەک ئاماژەیەک بەو باڵەخانە سەرسوڕهێنەرەی لەسەر دەریای ڕەش دروستکراوە و وەک دەگوترێت بۆ سەرۆکی ڕوسیا.

تەنها لە شاری مۆسکۆ، ئەمڕۆ یەکشەممە زیاتر لە 1200 کەس دەستگیرکراون و یەکێکیان یولیا، هاوسەری ناڤاڵنییە.

وەزارەتی ناوخۆی ڕوسیا ئاگاهی توندی داوە بە خەڵک تا بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا نەکەن و دەڵێت "ئەوەی بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا بکات بە بەشداریکردن لە ئاژاوەگێڕی بە کۆمەڵدا گوناهبار دەکرێت و سزاکەی تا 8 ساڵ زیندانیکردن دەڕوات و ئەوانەش دەستیان هەبێت لە توندوتیژی بەرامبەر هێزەکانی پۆلیس، ئەوا سزاکەی تا 15 ساڵ زیندانیکردن دەڕوات."

XS
SM
MD
LG