Accessibility links

لە حەسەکە یەکێک دەکوژرێت و 4 کەسیش بریندارن


ئاژانسە فەرمییەکانی دەنگ و باس لە سوریا دەڵێن، یەکێک کوژراوە و چوار کەسیش بریندارن پاش ئەوەی هێزە ئاسایشیەکانی کورد لە یەکێک لە شارەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدا تەقەیان لە خۆپیشاندەرانی لایەنگری حکومەتی سوریا کردووە.

سانا، ئاژانسی دەنگ و باسی فەرمی دەوڵەتی سوریا دەڵێت ئەمڕۆ یەکشەممە هێزە کوردییەکان تەقەیان لەو خۆپیشاندەرانە کردووە کە ناڕەزاییان دەربڕیوە بەرامبەر ئەو گەمارۆیەی خراوەتە سەر ناوچەکەیان لە شاری حەسەکە. ئەو ناوچەیە بە مەیدانی ئاسایشی ناسراوە و هێزەکانی حکومەتی سوریا تیایدا باڵادەستن.

بەپێی ئەو دیمەنە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە، دەیان کەس لە یەکێک لە شەقامەکاندا گردبوونەتەوە و تەقە دەکرێت بەسەر سەریاندا و ئەوجاش خۆپیشاندەران دەستیان کردووە بە وتنەوەی دروشمی پشتیوانی بۆ بەشار ئەلئەسەد سەرۆکی سوریا.

کورد لە سوریا، لەوەتای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریا لە ساڵی 2011ەوە،ناوچەیەکی نیمچە سەربەخۆیان پێکهێناوە و کاروباری خۆیان بەڕێوەدەبەن و کۆنترۆڵی زۆربەی سەرچاوەکانی نەوتی وڵاتەکەشیان لە دەستدایە.

لە هەردوو شاری قامیشلو و حەسەکە کە زۆربەی دانیشتوانەکانیان کوردن، دەسەڵات دابەشبووە لە نێوان هێزە کوردیەکان و هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریادا. هێزەکانی سەر بە حکومەتی سوریا لە هەندێک ناوچەی ئەو شارانەدا بوونیان هەیە، وەک ناوچەکانی نزیک لە فڕۆکەخانەکان و هەندێک شوێنی تریشدا.

ناوبەناو کێشە لە نێوانیاندا ڕوودەدات، هەرچەندە کورد دەسەڵاتێکی زیاتری هەیە.

لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا هێزە کوردییەکان گەمارۆیان خستبووە سەر ئەو ناوچانە، بەڵام لە شاری قامیشلو بە ڕێژەیەکی کەمتر بووە.

لە شاری حەسەکە، هێزە کوردییەکان ڕێگەیان لە گەیاندنی ئارد کردبوو بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا و ئەمەش وەهای کرد تەواوی نانەواخانەکان لەو ناوچانەدا دابخرێن، هەروەها ڕێگەش لە گەیاندنی سوتەمەنی و ئاویش کرابوو.

لەسەر ئەم ڕووداوانەی ئەمڕۆ یەکشەممە، هێزە کوردییەکان تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ لێدوانێکیان نەداوە، بەڵام پێشتر ئاماژەیان بەوە کردووە "ئەم هەنگاوانە وەڵامێکن بۆ ئەو گەمارۆیەی حکومەتی سوریا خستویەتییە سەر گەڕەکە کورد نشینەکان لە شاری حەڵەب."

هێزە کوردییەکانی سوریا لەلایەن هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا پشتیوانی دەکرێن و شان بە شانی یەکتر شەڕی دژی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی دەوڵەتی ئیسلامییان دەکرد و لە ساڵی 2019دا کۆتاییانهێنا بە داگیرکارییەکانی داعش.

هاوپەیمانانی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا، تا ئێستاش هێزیان هەیە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد لە سوریادا و بەردەوامیشن لە کردە لەشکرییەکان بۆ لەناوبردنی ئەو هێزانەی داعش کە ماون. بوونی هێزەکانی ئەمەریکاش لەو ناوچانە، هۆکارێکی تری پشێوی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هێزە کوردییەکان و هێزەکانی حکومەتە.

ڕوسیا کە پشتیوانی لە حکومەتەکەی بەشار ئەلئەسەد دەکات، داوایکردووە ناوبژی لە نێوان هێزە کوردییەکان و حکومەتدا بکات.

ڕوانگە، ڕێکخراوی سوریایی بۆ چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ، بنکە لە لەندەن، دەڵێت "هێزەکانی حکومەتی سوریا لە مانگێک لەمەوبەرەوە گەمارۆی ناوچە کورد نشینەکانی شاری حەڵەبی داوە و ڕێگە نادەن خۆراک و پێداویستیە تەندروستییەکان بگەنە ئەو ناوچانە. هێزە کوردییەکانیش بە گەمارۆ خستنە سەر ناوچەکانی حکومەتی سوریای لێن لە هەردوو شاری حەسەکە و قامیشلو، وەڵامی ئەو گەمارۆیەی حکومەتیان داوەتەوە."

ڕوانگە دەڵێت هێشتا نەزانراوە ئەو کەسەی کە کوژراوە لە خۆپیشاندانەکەدا، کەسێکی سیڤیل بووە یان سەر بە هێزە ئاسایشییەکانی حکومەتی سوریا بووە.

XS
SM
MD
LG