Accessibility links

گەنجێکی فەلەستینی دەیەوێت بە چەقۆ هێرش بکاتە سەر سەربازە ئیسرائیلییەکان


لەشکری ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت گەنجێکی فەلەستینی کوژراوە پاش ئەوەی هەوڵی داوە بە چەقۆ هێرشێک بکات لەو دووڕیانەی دەچێتەوە سەر ئۆردوگاکانی نیشتەجێبوون لە غۆش ئەتسیۆن لە باشوری بەیت لەحم لە کەناری ڕۆژئاوا.

وەزارەتی تەندروستی فەلەستینییەکان، کوژرانی ئەو گەنجەی پشتڕاست کردۆتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی لەشکری ئیسرائیلدا ئاماژە بەوە کراوە "لەشکر توانیویەتی کۆنترۆڵی ڕەوشەکە بکات و گەنجەکەش کوژراوە."

وەزارەتی تەندروستی فەلەستینییەکانیش دەڵێت "نێوەندی پەیوەندییە سیڤیلییەکانی فەلەستین، بە فەرمی وەزارەتی تەندروستییان ئاگادار کردۆتەوە لە کوژرانی ئەو گەنجە پاش ئەوەی سەربازە ئیسرائیلییەکان تەقەیان لێکردووە."
سەرچاوە فەلەستینییەکان، ناو و ناسنامەی ئەو گەنجەیان ئاشکرا نەکردووە.

هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، لە ڕاگەیەندراوێکی تردا لەشکری ئیسرائیل دەڵێت "ئاژاوەگێڕێکی چەکداری فەلەستینی، 3 چەقۆی پێبووە و هەر سێ چەقۆکەش بە دارێکەوە بەسترابوونەوە و هەوڵی هێرشکردنی داوە بۆسەر سەربازەکان و یەکێک لە سەربازەکان تەقەی کردووە تا ڕێگە لە هێرشکردنەکە بگرێت."

لەو ڕاگەیەندراوەی لەشکری ئیسرائیلدا، جەخت کراوەتەوە لەوەی هیچ زیانێکی گیانی لە نێو سەربازەکاندا نەبووە.

پێشتریش لەو دووڕیانانەی دەچنەوە سەر ئۆردوگاکانی نیشتەجێکردن، فەلەستینییەکان هێرشی هاوشێوەیان کردووە و ئیسرائیلییەکانیان کردۆتە ئامانج.

XS
SM
MD
LG