Accessibility links

تیمەکەی WHO لە ووهانی چین سەردانی ئەو نەخۆشخانەیە دەکەن کە حاڵەتە سەرەتاییەکانی کۆڤید-19 ی تێدا چارەسەر کراوە


ئەو تیمەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە کردن لە ڕیشەی کۆڤید-19 چوون بۆ چین و بە توندی لەلایەن وڵاتەکەوە کۆنترۆڵ دەکرێن، لە میانەی ئەرکێکیاندا ڕۆژی شەممە سەردانی نەخۆشخانەیەکیان لە ناوەندی شاری ووهان کرد کە چارەسەری نەخۆشە سەرتاییەکانی کۆڤید-19 تیدا کرابوو.

لە دووهەم ڕۆژیاندا پاش دوو هەفتەی کەرەنتینە کردنیان، تیمەکە ڕۆشتنە نەخۆشخانەی شینیانتان، کە لەوێ پزیشکەکان نمونەی خوێنی نەخۆشە سەرەتاییەکانیان هەڵگرتبوو ئەوانەی لە کۆتایی ساڵی 2019 توشی ڤایرۆسەکە بوو.

پیتەر داسزاک ئەندامی تیمەکە لە تویتێکدا دەڵێت " ئەمە دەرفەتێکی گرنگە بۆ وتووێژکردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو کارمەندە تەندروستییانەی کە لەوکاتە گرنگەدا لەوێ شەڕی دژ بە کۆڤیدیان دەکرد."

لە دەمی دەرچوونیان لە نەخۆشخانەکە ئەندامەکانی تیمەکە قسەیان بۆ ڕۆژنامەوانان نەکرد.

ئەندامێکی تری تیمەکە ماریۆن کۆپماناس، پاشان لە تویتێکدا دەڵێت " ئێستا گەڕاینەوە لە سەردانێکماندا بۆ نەخۆشخانەی شینیانتان کە تایبەتە بە نەخۆشییە درمییەکان و لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ووهان ئەو نەخۆشخانەیە تەرخانکرا بۆ چارەسەرکردنی کۆرۆنا. بەسەرهاتەکان هاوشێوەی ئەوەیە کە لە پزشکانی بەشی چاودێری وردی نەخۆشخانەکانی خۆمان بیستوومە."

چین کە بۆ چەندین مانگ داواکاری بۆ لێکۆڵێنەوەکردن ڕەتدەکردەوە، ئێستا بەڵێنیداوە ڕێگە بەو تیمە بدات لێکۆڵینەوەکانیان بە تەواوی ئەنجام بدەن. چاوەڕوان دەکرێت تیمەکە چەند هەفتەیەک لە چین بەسەربەرن وتووێژ لەگەڵ خەڵکی لە ئینستتوتەکانی لێکۆڵینەوە، نەخۆشخانەکان و ئەو بازاڕانە بکەن کە حاڵەتە سەرەتاییەکان تیایاندا بڵاوبۆوە.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت مەبەست لەم لێکۆڵینەوەیە ئەوە نییە لایەنێک تاوانبار بکرێت بۆ پەتاکە، بەڵکو بۆ ئەوەیە بزانرێت سەرەتا چۆن بڵاوبۆتەوە تا بتوانرێت ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی پەتای هاوشێوە لە داهاتوودا بکرێت.

مایک ڕیان کاربەدەستی باڵای WHO لە سەرەتای ئەم مانگە گوتی " ئێمە لێرە بە دوای ئەو وەڵامانەدا دەگەڕێین کە ڕەنگە لە داهاتوودا بمانپارێزن، نەک تاوانبارێک یان تۆمەتبارکردنی خەڵکی."

XS
SM
MD
LG