Accessibility links

لە عێراق 3 کەس لە سێدارە دەدرێن


سێ کەسی خەڵکی عێراق کە بە تاوانی تێرۆریزم گوناهبارکرابوون و سزای مردنیان بەسەردا درابوو، ئەمڕۆ دووشەممە لە سێدارە دراون، بەپێی لێدوانی کاربەدەستێکی ئاسایشی عێراق.

ئەم جێبەجێکردنی سزای مردنە، هەر تەنها چەند ڕۆژێکە پاش دوو هێرشی خوێناوی لەناو بازاڕێکی قەرەباڵغی شاری بەغدای پایتەختدا. لەو دوو هێرشەدا زیاتر لە 30 کەس کوژران.
هەواڵی لە سێدارەدانی ئەو 3 کەسە عێراقییە، دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئاگاهیدانەکەی ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافەکان دەکەن سەبارەت بەوەی دەشێت دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە لەپاش ئەو هێرشانەی بەغداوە دەست بکەن بە جێبەجێکردنی سزای مردن لەسەر ئەوانەی دادگا ئەو سزایەی داون.

تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی، بەرپرسیارێتی خۆیان لەو هێرشانەی بەغدا ڕاگەیاندووە.

کاربەدەستێکی ئاسایشی بەو مەرجەی ناوی نەهێنرێت بە ئاژانسی دەنگ و باسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە "3 کەس کە بە پێی بەندی چواری یاسای دژە تێرۆر گوناهبار کرابوون، لە زیندانی ناسریە سزاکەیان لەسەر جێبەجێکراوە."

ڕۆژی یەکشەممە، سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی عێراقەوە بەو مەرجەی ناوی نەهێنرێت، بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە "340 فرمانی لە سێدارەدان بە تاوانەکانی تێرۆریزم و هەروەها تاوانی تریشەوە، ئامادەن بۆ جێبەجێکردن."

کاربەدسەتێکی تر لە سەرۆکایەتی عێراقەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، بە فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە، تەواوی ئەو فرمانانە لە ساڵی 2014دا مۆرکراون و زۆربەشیان لەلایەن دکتۆر فوئاد مەعسوم، سەرۆکی پێشووی عێراقەوە مۆر کراون، ئەو کاتەی داعش یەک لەسەر سێی وڵاتەکەی داگیر کردبوو.

هێرشەکانی ڕۆژی 5شەممەی بەغدا کە زیاتر لە 30 کەسی تیادا کوژران، بیرخستنەوەیەکی ترسناکی، بوونی هەڕەشە و مەترسییەکانی داعشە، وێڕای ئەوەی حکومەت لە ساڵی 2017دا سەرکەوتنی بەسەر جیهادییەکاندا ڕاگەیاند.

بەپێی ئەو یاسایەی لە ساڵی 2005دا پەسەند کراوە، سزای مردن دەسەپێندرێت بەسەر هەر کەسێکدا بە تێرۆریزم گوناهبار بکرێت. بەپێی ئەو یاسایە دەشێت ئەندامانی ڕێکخراوە توندڕەوەکانیش بگرێتەوە، تەنانەت ئەگەر بە تاوانێکی دیاریکراویش گوناهبار نەکرابن.

ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافەکان دەکەن، ئاگاهی دەدەن کە ئەم سزای مردنە بۆ مەبەستی سیاسی بەکارهێنراوە.

بەلقیس والی، لێکۆڵەری باڵا لە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت "ڕێبەران لە سێدارەدانی بە کۆمەڵ ڕادەگەیەنن، وەک ئاماژەدانێک بە خەڵک کە ئەم دۆسێیەیان بە ڕژدی وەرگرتووە."

بەلقیس لە لێدوانەکەی ڕۆژی یەکشەممەشیدا بۆ ئاژانسی دەنگ و باسی فڕانس پرێس، ئاماژەشی بەوە کردووە "سزای مردن، زیاتر وەک ئامڕازێکی سیاسی بەکار دەهێنرێت، وەک لە هەر شتێکی تر."

XS
SM
MD
LG