Accessibility links

شەڕی سەر سنور لە نێوان سۆماڵیا و کینیا


شەڕ و پێکدادان لە سەر سنوری نێوان سۆماڵیا و کینیا ڕوویانداوە و بەلانی کەم تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە 9 کەس کوژراون و چەندان کەسیش بریندارن لە هەردوو لای سنورەوە، بەپێی لێدوانی کاربەدەستان و گەواهدەرانیش.

سۆماڵیا، هێزە سەربازییەکانی کینیا و چەکدارە سۆماڵیاییەکانی لە کینیا مەشق و ڕاهێنانیان کردووە گوناهبار دەکات بەوەی چوونەتە ناو شارۆچکەی بوڵوهاوۆ و دەستیان گرتووە بەسەر بنکەیەکی لەشکری فێدراڵی وڵاتەکەدا.

کینیا نکوڵی دەکات لەوەی هیچ ڕۆڵێکی هەبووبێت لەو شەڕ و پێکدادانانەی زوویەکی ئەمڕۆ دووشەممەدا.

ئەم ڕووداوانەش، دواترینن لە پەیوەندی بەو قەیرانە سیاسییەی لە ناوچەی خودموختاری جوبلاند هەیە لە سۆماڵیا. ئەم قەیرانە بۆتە مایەی ئاڵۆزی دیپلۆماسی نێوان ئەم دوو وڵاتەی ڕۆژهەڵاتی ئافریکا.

کینیا پشتیوانی لە ئەحمەد مادۆبی، سەرۆکی هەرێمی جوبلاند دەکات. مادۆبی کێشەی هەیە لەگەڵ حکومەتی فێدراڵی لە مەگادیشۆ و هەروەها ڕەتیشی دەکاتەوە بەشداری لە هەڵبژاردنە دواخراوەکەی وڵاتەکدا بکات.

وەزیری ڕاگەیاندنی سۆماڵیا لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا ئاماژەی بەوە کردووە "لەشکری نیشتمانی سۆماڵیا کۆتایی هێناوە بەو هێرشەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە کراوەتە سەر بوڵوهاوۆ و توانراوە کۆنترۆڵی شارۆچکەکە بکرێتەوە."

هەر لەو لێدوانە ڕۆژنامەوانیەیدا، وەزیری ڕاگەیاندنی سۆماڵیا دەڵێت "هێزە سەربازییەکان 100 میلیشیای سەرهەڵداویان دەستگیرکردووە کە لە کینیا مەشق و ڕاهێنانیان پێکراوە و براویشنەتە جێگەیەکی پارێزراو."

ئەم وەزیرەی حکومەتی سۆماڵیا، وڵاتی کینیا و میلیشیاکانیشی گوناهبارکردووە بەوەی وەک دەڵێت "بۆردومانی ئەو شوێنانەیان کردووە کە ڕێژەی دانیشتوانی سیڤیلی تیادا زۆرە و بەهۆی تۆپبارانەکانیشەوە 5 منداڵ و دایکیشیان کوژراون."

کۆلۆنێل موحەمەد عەبدول، کە یەکێکە لە سەرکردە لەشکرییەکان لە بوڵوهاوۆ دەڵێت "3 سەرباز لەم شەڕانەی ئەمڕۆدا کوژراون."

نەتوانراوە ژمارەی زیانە گیانییەکان لە سەرچاوەیەکی سەربەخۆوە پشتڕاست بکرێتەوە.
فرێد ماتیانجی، وەزیری ناوخۆی کینیا دەڵێت ئەو شەڕانە پەیوەندییان بە قەیرانە ناوخۆییەکانی سۆماڵیاوە هەیە و دەشڵێت "کینیا دەستی نەبووە لەو شەڕانەدا و هیچ سەربازێکی وڵاتەکەش سنوری نەبەزاندووە تا بچنە ناو سۆماڵیاوە."

XS
SM
MD
LG