Accessibility links

ئانکەرە و ئەسینا لە ئەستانبوڵ کۆدەبنەوە


یۆنان و تورکیا، ملیان داوە بۆ فشارەکانی یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانێتی ناتۆ و دەستیان کردووە بە یەکەم وتووێژی ڕاستەخۆ لە ماوەی 5 ساڵی ڕابردوودا.

وتووێژەکانی نێوان ئەسینا و ئانکەرە سەبارەت بە کێشەی مافی گەڕانە بە شوێن سوتەمەنیدا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا.

وەها چاوەڕوان ناکرێت لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەی ئەستانبوڵدا، بەرەوپێشچونێکی ئەوتۆ بێتە ئاراوە، پاش ئەوەی کەشتییە جەنگییەکانی ئەم دوو وڵاتە دراوسێ و ئەندامەی ناتۆ لە مانگی 8ی ڕابردوودا بەرامبەر یەک وەستانەوە هاوکاتی ئەوەی مشتومڕەکانیان لەسەر وزە، خەریک بوو لە کۆنترۆڵ دەربچێت.

کۆبوونەوەکەی کاربەدەستانی تورکیا و یۆنان بە زێدکردنێک دەبینرێت بۆسەر ئەو زمانە ئەرێنییەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لەم ماویەی ڕابردوودا بەکاریدەهێنا وەک هەوڵێک بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەوروپادا، لە کاتێکدا دەشێت ڕووبەڕووی سیاسەتێکی توندی بەڕێوبەرایەتییەکەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ببێتەوە.

دەشێت ئەم کۆبوونەوەیە زەمینە خۆشکەربێت بۆ سنوردانانی جوگرافیایەکی نوێی سەلمێندراوی ناوچەیەکی پڕ لە گازی سروشتی.

نیکۆس دیندیاس، وەزیری دەرەوەی یۆنان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاماژەی بەوە کردووە "ئەسینا بە خواستێکی باشەوە بەشداری لە کۆبوونەوەی گەڕان بە دوای سوتەمەنیدا دەکات."

مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیاش لێدوانی هاوشێوەی هەبووە.

لە ساڵی 2002 تا 2016، ئەسینا و ئانکەرە 60 کۆبوونەوەی هاوشێوەیان هەبووە، بەڵام دانوستاندنەکان ڕاگیران بەبێ ئەوەی چارەسەری ئەو کێشانەیان بکرێت کە بە درێژایی سەدەی ڕابردوو لە نێوانیاندا بووە.

XS
SM
MD
LG