Accessibility links

ئیندۆنیزیا ڕێ لە قاچاغچێتی نەوتی ئێران دەگرێت


ئێران داوا لە ئیندۆنیزیا دەکات، وردەکاری دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی ئاڵای ئێرانی بەرزکردۆتەوە بخاتە بەردەست تاران.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە ئەم داوایەی کردووە، یەک ڕۆژ پاش ئەوەی جاکارتا ڕایگەیاند، لەناو سنوری ئاویی خۆیدا دەستگیراوە بەسەر ئەو کەشتییانەی ئاڵای ئێران و ئاڵای پەنەمایان هەڵکردبوو.

ئیندۆنیزیا دەڵێت هێزەکانی پاسەوانیی دەریایی وڵاتەکە دەستیان گرتووە بەسەر ئەو دوو کەشتییەدا بە گومانی ئەوەی بە قاچاغ نەوت دەگوێزنەوە.

سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت "دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکەی ئاڵای ئێرانی هەڵکردووە بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە بووە و ئەم جۆرە کێشانەش لە بواری کەشتیوانیدا ڕوودەدەن."

خەتیبزادە دەڵێت "دەزگای بەندەریی ئێران و هەروەهاش کۆمپانیاکەی خاوەنی کەشتییەکەیە، لێکۆڵینەوە دەکەن و چارەسەری گرفتەکە دەکەن."

وتەبێژی هێزی پاسەوانی دەریایی ئیندۆنیزیا دەڵێت " کەشتییەکان لە سنوری ئاوی هەرێمی کالامینتان دەستیان بەسەردا گیراوە و دەگوێزرێنەوە بۆ دوڕگەی باتام لە هەڕیمی ڕیاو، بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر."

ویسنو پراماندیتا، لە ڕاگەیاندراوەکەی ڕۆژی یەکشەممەیدا ئاماژەی بەوە کردووە " کاتژمێر 5:30ی سەرلەبەیانی بە کاتی خۆجێیی کەشتییەکان بینراون و ناسنامەی خۆیان ئاشکرا نەکردووە لەڕێی هەڵکردنی ئاڵاکانەوە، ئامێری ئەلیکترۆنی ناسینەوەی کەشتییەکەشیان کوژاندبووەوە و هەروەهاش وەڵامی بانگەوازەکانیشیان نەدەدایەوە لە ڕێی ئامێری بێتەلەوە."

ویسنو پراماندیتا، لە لێدوانەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا بۆ ئاژانسی دەنگ و باسی ڕۆیتەرز دەڵێت "کەشتییەکان بە بەڵگەی تاوانەکانیانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە." و دەشڵێت لە کاتێکدا دەستیان بەسەردا گیراوە "کەشتی نەوت هەڵگری ئێم تی هۆرس، نەوتەکەی دەگواستەوە بۆ کەشتی ئێم تی فرەیا و نەوتی ڕژاویش لە دەوروبەری کەشتی دووهەمدا هەبووە."

وتەبێژی هێزەکانی پاسەوانیی دەریایی ئیندۆنیزیا دەڵێت تاقمی کەشتیوانەکانیش کە 61 کەسی ئێرانی و چینین، دەستگیرکراون.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی وزە لە ئیندۆنیزیا هیچ تێبینییەکیان لەسەر ئەم ڕووداوە نەداوە.

XS
SM
MD
LG