Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا لەسەر سزادانی کرملن کۆدەبێتەوە


وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا کۆبوونەتەوە بۆ وتووێژکردن لەسەر چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ڕوسیا بەهۆی دەستگیرکردنی ئالێکسی ناڤاڵنی و هەروەهاش سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران.

ئەم کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆ دووشەممەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا هاوکاتە لەگەڵ هەروادێ و زیادبوونی فشارەکان بۆ سەپاندنی سزا بەسەر کرملندا.

دیپلۆماتانی 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل کۆبوونەوتەوە لەسەر ژمارەیەک دۆسێ لەوانە پەیوەندییەکانی یەکێتی ئەوروپا لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییەکەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکادا و هەروەهاش پاراستنی ڕێککەوتنە ناوکییەکەی ئێران، بەڵام دەستگیرکردنی ناڤاڵنی کە بە ناودارترین ڕخنەگر دادەنرێت لە ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا و هەروەهاش دەستگیرکردنی هەزاران خۆپیشاندەر، بووەتە یەکێک لە دۆسێ هەرە سەرەکییەکانی وتووێژیان لەسەر دەکرێت.

گابریلیۆس لاندسبێرگ، وەزیری دەرەوەی لیتوانیا، کاتێک گەیشتە کۆبوونەوەکە، وتوویەتی "پێموایە پێویستە یەکێتی ئەوروپا پەیامێکی ڕوون و ئاشکرا و یەکلاکەرەوەش بە ڕوسیا بدات، کە ئەوەی ڕوودەدات جێی قایل بوون نییە."

دیپلۆماتانی ئەوروپا بە ئاژانسی دەنگ و باسی فڕانس پرێسیان وتووە وەها چاوەڕوان ناکرێت لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەدا ڕێککەوتن لەسەر سزادان بکرێت ، هەرچەندە هەندێک لە پایتەختەکانی ئەوروپا هەوڵی گرتنەبەری ڕێوشوێنێکی قورس دەدەن بەرامبەر بە مۆسکۆ.

پێدەچێت برۆکسل خۆی ڕابگرێت تا سەرەتاکانی مانگی 2 کە ناڤاڵنی دەبرێتە دادگا و بزانرێت ئایا کرملن لە گرتوخانە دەیهێڵێتەوە یان نا.

ناڤاڵنی، کە دژایەتی گەندەڵی دەکات لە ڕوسیادا، ڕووبەڕووی 3 ساڵ و نیو زیندانیکردن دەبێتەوە بەهۆی پێشێلکردنی مەرجەکانی ڕاگرتنی سزایەکی پێشتر سەپێندرابووە سەری لە کاتێکدا لە ئەڵمانیا چارەسەری تەندروستی بۆ دەکرا بەهۆی ئەو ژەهراویکردنەی خەریک بوو بیکوژێت.

دەستگیرکردنی ناڤاڵنی پاش گەڕانەوەی لە ئەڵمانیا، شەپۆلێکی ناڕەزایی دروستکرد و هەر تەنها لە ڕۆژی شەممەدا هێزەکانی پۆلیسی دژە ئاژاوە لە ڕوسیا زیاتر لە 3500 کەسیان دەستگیرکردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا کە پێناچێت لە ئێستادا سزاکان بسەپێندرێن بەسەر ڕوسیادا، بەڵام جۆسیپ بۆڕیڵ، بەڕێوبەری سیاسەتی دەرەوەیی یەکێتی ئەوروپا ڕووبەڕووی فشارێکی زۆر دەبێتەوە، تا سەردانەکەی مانگی داهاتووی مۆسکۆ هەڵبوەشێنێتەوە.

XS
SM
MD
LG