Accessibility links

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان: حکومەتی عێراق بۆ بەردانەوەی ئاو ئامادەیە ملیۆنەها دۆلار بداتە وڵاتانی دراوسێ، کەچی موچەی ئێمەی ڕاگرتووە


ماوەی چوار مانگە حکومەتی عێراق موچەی کارمەندانی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستانی نەداوە، کە ژمارەیان چوارسەد کارمەندە، لەکاتێکدا لە مانگی 11 ی ساڵی 2017 ەوە و لەوکاتەوە کە بومەلەرزە زیانی بە بەنداوەکان گەیاند، حکومەتی عێراق خۆی ڕاستەوخۆ موچەی ئەو کارمەندانە دەدات.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ڕەحمان خانی بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، دەڵێت"جاران حکومەتی عێراق مانگانە لیژنەیەکی دەنارد و ڕاستەوخۆ موچەی کارمەندانی بەنداوەکانی هەرێمی دەدا، بەڵام چوار مانگە موچەکانی ڕاگرتووین."

جەختیشیکردەوە"بیانووی حکومەتی عێراق، پابەند نەبوونی هەرێمی کوردستان و بوونی کێشەیانە لەسەر داهات لەگەڵ هەرێم."

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، ڕوونیشیکردەوە لەگەڵ سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و کوتلە جیاوازەکانی پەرلەمان لەبارەی ڕاگرتنی موچەکانیان قسەیان کردووە، بەڵام هەوڵەکانیان هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

ڕەحمان خانی بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، ڕوونیشیکردەوە ڕاگرتنی موچەی کارمەندانی بەنداوەکانی هەرێم لەلایەن عێراقەوە لەکاتێکدایە، 80 بۆ 90% ئەو ئاوەی لەبەنداوەکان خەزن دەکرێت، سودی بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق هەیە، نەک هەرێم، وتی" زۆربەی پرۆژەکان کە لەبەنداوەکانی هەرێم سودمەند دەبن، لەو ناوچانەن کە لە ژێر دەستی حکومەتی عێراقن."

ڕەحمان خانی، نیگەرانی خۆشی دەربڕی لەوەی کە حکومەتی عێراق لەهەوڵی وتووێژ و ڕێککەوتندایە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، تا بەشە ئاوی عێراق بەربدەنەوە، لەو پێناوەدا ئامادەیە بە ملیۆنەها دۆلار بدات، کەچی پارەی پاسەوانی بەنداوەکانی خۆی نادات.

ژمارەی کارمەندانی بەنداوەکانی دۆکان، دهۆک، دەربەندیخان و بەڕێوەبەرایەتی بەنداوەکانی هەرێم چوارسەد کارمەندە، بەهۆی ڕاگرتنی موچەکانیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، نامەیەکیان ئاراستەی سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق و باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکان کردووە.

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:02:54 0:00


XS
SM
MD
LG