Accessibility links

کاردانەوەکان لەمەڕ سەردانی وەزیری بەرگری تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان


سەردانی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان

لە هەولێر خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا لەگەڵ کاربەدەستە باڵاکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کۆبووەوە، ئەمەش دوای ئەو سەرەدانەی دێت کە بۆ بەغدای پایتەختی عێراق ئەنجامیدابوو و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ کاربەدەستە باڵاکانی عێراقی کردبوو، لە سەرەدانەکەیدا وەزیری بەرگری تورکیادا بۆ هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشێک لە پێکهاتەکانیش کۆبووەوە، لەمەڕ ئامانجی سەردانی ئەو کاربەدەستە باڵایەی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی ئەو زنجیرە کۆبوونەوانە.

محەمەد سەعدەدین سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" وڵاتی تورکیا سنوری لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە بۆیە ئەو لێکتێگەیشتن و پەیوەندیە سیاسی و بازرگانیانەی کە لە نێوان هەردوولا هەیە لە لایەنی سەربازی و ئاسایشیەوە پێویستە کە پەیوەندی هەبێت، بۆ ئەوەی گفتوگۆ هەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لە سنور هەن کە تورکیا نیگەرانی هەیە لەسەر هەندێک بابەت بەتایبەتی بابەتی پەکەکە و هەندێک بابەتی تریش کە لەگەڵ حکومەتی هەرێم و بەرپرسان کۆبوونەوەی ئەنجامداوە".

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت" لەو کۆبوونەوەیەی خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا کە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجاميداوە بە ئامادەبوونی جێگرانى سەرۆکی هەرێم، وەزیرى پێشمەرگە، سوپاسالارى هەرێمى کوردستان و بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان بووە، و باس لە سەردان و دیدارەکانى وەزیرى بەرگریى تورکیا لە بەغدا و هەولێر کرا و هەردوولا جەختیان لە پاراستنى ئارامى و سەقامگیرى لە ناوچەکە و گرنگیى هاوکارى و هەماهەنگیى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ تورکیا بۆ پارستنى سەقامگیریى ناوچەکە کردەوە".

بارزان عەلی حەمە نووسەرو ڕۆژنامەوان بۆ دەنگی ئەمەریکا لەمەڕ ئەو جۆرە سەرەدانانە دەڵێت" ھەر خۆی سروشتی سیاسی و ئاداب و ئەتەکێتی دیپلۆماسی وایە کە ھاتن یان چوونی ھەر وەزیرێک بۆ شوێنێک، گوزارشت لە کار و پسپۆڕێتی وەزیرەکە دەکات، وەزیری دارایی گوزارشتە بۆ کاروباری ماددی و نەوت و بۆرسە، وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری سیاسی و دیپلۆماتیک، وەزیری جەنگیش بە ھەمان شێوە گوزارشتە بۆ بابەتێکی پەیوەست بە جەنگ و لەشکر و سنور و سوپا بێت".

ئەو نووسەر و ڕۆژنامەوانە دەشڵێت" وای دەبینم خلوسی ئاکار-ی، وەزیری جەنگی تورکیاش پەیوەست بەو مەسەلانە، ھاتووە کە شەنگال و پەکەکە و لەشکرکێشی لێ دەخوێندرێتەوە، ماوەیەکیشە کە ھەندێ پەرلەمانتار بانگەشەی لەشکرکێشی سوپای عێراق و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکان گاز و نەوتی ھەرێم دەکەن، وەک دەشزانرێت دۆسێی نەوتی ھەرێم لە چەند گۆشەیەکەوە پەیوەستبووە بە تورکیاش، بۆیە من ئامانجی سەردانەکەی ناوبراو لەو بازنەیەدا لێک دەدەمەوە".

هەروەها سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کردووە کە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتى کردەوە کە ناکرێت خاکى عێراق و هەرێمى کوردستان وەک پێگەیەک بۆ هەڕەشەکردن لە تورکیا و وڵاتانى دراوسێ بەکار بهێنرێت و هیواى خواست لەمبارەیەوە عێراق ئەرکى خۆى جێبەجێ بکات، هەروەها شاندى میوانى دڵنیا کردەوە کە هەرێمى کوردستان وەک هەمیشە فاکتەرێکى ئارامى و سەقامگیریى ناوچەکە دەبێت پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ تورکیا لە هەموو بوارەکاندا، پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا و کێشەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و شەڕی داعش، بوارەکانى هاریکارى و هەماهەنگیى نێوان هەردوولا، دۆخى ناوچەکە بەگشتى، ڕێککەوتنى شەنگال و گرنگیى جێبەجێکردنى، گرنگیى پاراستنى سنوورەکان و ئاسایشیان، پەیوەندییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ تورکیا، چەند تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوون".

حیکمەت هاتیپ ئەندامی نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە سەردانی وەزیری بەرگری تورکيا بۆ هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوانە لەگەڵ کاربەدەستە باڵاکانی هەریمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" بۆ بابەتی شەنگال و سنور و ئابوری ئەو کۆبوونەوە و دانیشتنانە دەکرێن، داوای ئێمە لە هەموو پارتە سیاسیەکان ئەوەیە یەک هەڵویست بن بۆ پرسە نەتەوەییەکان و زۆڵم و زۆرداری قەبوڵ نەکەن و تورکیا کێشە بۆ سنورەکان درۆست دەکات، لەو بروایەدا نین کە لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان گۆڕانکاریەک درۆست بێت تەنها لە بەرامبەر کوردانی باکور و ڕۆژئاوا گۆڕانکاریەکی شاش درۆست دەبێت وەکو شەڕ بۆیە داوای دەوڵەتی تورک ئەوەیە".

رێبین سەلام کادیری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە سەردانی وەزیری بەرگری تورکیا بۆ هەولێر و ناوچەکە بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" هەرێمی کوردستان تاکە شوێنێکی ئارامە کە بوونی هەبێت لە ناوچەکەدا، وڵاتی ئێران و سوریا و عێراقیشمان بینیوە کە چی بەسەرهاتووە و تورکیاش دەناڵێنێت بە چەندین کێشەی جیوپۆلۆتیکی سیاسی و ئابوری و سەربازی بۆیە ئەم سەرەدانە زۆر گرنگە، سەبارەت بەو کەسایەتیەی کە هەستاوە بە ئەنجامدانی سەرەدانەکە کەسایەتیەکی سەربازیە کەواتە بارۆدۆخی سەربازی تاوتوێ دەکرێت و ئەمەش درێژەپێدەری سەردانی مەسرور بارزانیە بۆ تورکیا، هەردووک سەرۆک وەزیرانی بەغدا و کوردستان ئەو گفت و بەڵێنانەیان داوە کە سنورەکانیان پارێزراوبێت، بابەتەکان جێبەجێکردنی رێککەوتنامە نێودەوڵەتیەکانە کە نابێت هەر وڵاتێکی دراوسێ ڕێگە بدات زەویەکانی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتی دراوسێ و دژی رێککەوتنە نێودەوڵەتیەکانە بۆیە ئەوەی کە چاوەڕوان دەکرێت ئەو شوێنانەی کە جێگەی ناکوکن و ئەو رێککەوتنەی شنگال کە کراوە وەکو دەستپێکێک بۆ چارەسەرکردنی ئەو ناوچە کوردستانیانەی هەرێم کە لە دەروەی سنوری هەرێمن و مادەی 140 دەیانگرێتەوە دەبێت بەو شیوازەی کە شنگال چوون چارەسەرکراوە و چوون بریار وایە لە چەکی نارەسمی پاک بکرێتەوە و ئەو هەموو ئاوارەیەی کە شەش ساڵە دەناڵێنن بگەرێنەوە سەر خاکی خۆیان".

XS
SM
MD
LG