Accessibility links

ڕێوشوێنی نوێ بۆ موسڵمانەکانی فەڕەنسا


سەرۆکی فەڕەنسا ستایشی ڕۆڵی ڕێبەرانی موسڵمانانی وڵاتەکەی کردووە پاش ئەوەی "پەیڕەوی پرەنسیپەکان"یان پەسەند کردووە کە بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی تایفەگەرایی و ڕێوشوێنە توندڕەویەکانە.

بەرزبوونەوەی ئاست و ڕێژەی هێرشەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی لە فەڕەنسا، لە ئەستۆی توندڕەوی دەنرێت.

ئۆفیسی سەرۆکی فەڕەنسا دەڵێت، ئیمانوێل ماکرۆن پاش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ نوێنەرانی ئەنجومەنی فەڕەنسایی بۆ ئاینی ئیسلام، وتوویەتی "پەیڕەوی پرەنسیپەکان ڕونکردنەوەی چۆنیەتی ڕێکخستنی کاروباری موسڵمانانە لە فەڕەنسادا."

پەیڕەوی پرەنسیپەکان، چوارچێوەیەکیشی داناوە بۆ ئەنجومەنێکی نوێی ئیمامەکان، کە بەرپرسیار دەبێت لە وردبوونەوە لە کاری ئیمامەکان لە فەڕەنسادا.

ماکرۆن دەڵێت "ئەمەش وابەستەییەکی ڕوون و ئاشکرا و یەکلاکەرەوە و وردە لە پێناو وڵاتەکەدا." هەروەها ئاماژەیەکی ستایشکارانەی بۆ دەقی ئەو پەیڕەوە کرد و بە دەقێکی بنچینەیی بۆ پەیوەندی نێوان دەوڵەتی فەڕەنسا و ئاینی ئیسلام ناودێری کرد.

سەرۆکی فەڕەنسا، لە مانگی یازدەی ڕابردوودا داوای لەو ئەنجومەنە کرد تا بەرەنگاری ئیسلامی سیاسی ببێتەوە، پاش سەربڕینی مامۆستایەک لە دەرەوەی خوێندنگەکەیدا.

ئەو مامۆستا فەڕەنساییە وەک بەشێک لە وانەیەکی تایبەت بە ئازادی ڕادەربڕین، ژمارەیەک وێنەی کاریکاتێری، موحەمەد، پێغەمبەری موسڵمانەکانی نیشاندابوو.

ئەو هێرشە بووە مایەی دەستگیرکردنی توندڕەوانی ئیسلامی لە مزگەوتەکان و ڕێکخراوە ئیسلامییەکاندا، لەگەڵ ئەو دەستگیرکردنانەشدا شەپۆلی داکۆکیکردنێکی زۆر لە سیستەمی سیکیولاریزمی فەڕەنسا هاتە ئاراوە.

زۆرێک لە فەڕەنساییەکان لەوبڕوایەدان سیستمی سیکیولاری وڵاتەکەیان لەبەردەم هەڕەشە و مەترسی توندڕەوانی ئیسلامیدایە.

XS
SM
MD
LG