Accessibility links

ئەنفلۆنزای باڵندە لە عێراق بڵاودەبێتەوە


بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە بۆتە مایەی مرداربوونەوەی دەیان هەزار پەلەوەڕ لە ناوچەیەکی دووری بەغدا، پایتەختی عێراق. ئەمەش کاریگەرییەکی نەرێنی هەبووە لە شەو و ڕۆژێکدا لەسەر بژێوی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە و وەهاشی کردووە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە بە زوویی بکەونە خۆیان بۆ کۆنترۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشییەکە.

لە نزیک شارۆچکەی سامەڕا، شوێنی بەخێوکردنی پەلەوەڕەکانی هەیسەم ئەلهەماش ،بۆتە گۆڕستانێک بۆیان.

کرێکارەکان بە دەمامکەوە، مریشک و پەلەوەڕە مردارەوەبووەکان کۆدەکەنەوە.

هەیسەم بە ئاژانسی دەنگ و باسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە "ئەوا پەلەوەڕەکانم مردار دەبنەوە و ناشتوانین هیچ شتێک بۆ ڕزگارکردنیان بکەین."

بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە لە پارێزگای سەڵاحەدین لە ڕۆژی پێنجشەممەوە دەستیپێکردووە، تا ڕۆژی هەینی بەلانیکەم 60 هەزار مریشک مرداربوونەتەوە، بەپێی لێدوانی پارێزگاری سەڵاحەدین.

بەڵام کێڵگەوانەکانی خاوەنی شوێنی تایبەتی بەخێوکردنی مریشک و پەلەوەڕن دەڵێن ژمارەکە زۆر لەوە زیاترە کە پارێزگاری سەڵاحەدین ڕایگەیاندووە.

هەیسەم دەڵێت "نزیکەی 190 هەزار مریشک مرداربوونەتەوە."

فوئاد بەرهان، وەرزێرێکی ترە و دەڵێت دەسەڵاتداران نەیانتوانیوە پشتیوانی لە هەموو کێڵگەوانەکان بکەن و دەڵێت "چوینە وەزارەتی تەندروستی و هیچ چارەسەرکردنێکیان پێنەداوین و ئێچ 5 نییە و ئیتر پەلەوەڕەکان بۆ مرداربوونەوە مانەوە."

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاندووە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئەنفلۆنزای باڵندە بەهۆی باڵندە کۆچەرییەکانەوەیە.

حەمید نایف، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێت ڕێوشوێنی پێویستیان گرتۆتەبەر و دەشڵێت "ئەو مریشک و پەلەوەڕانەی گومان هەیە تووشی ئەنفلۆنزای باڵندە بووبن، جیاکراونەتەوە و شوێنەکانی بەخێوکردنی پەلەوەڕیش پاککراونەتەوە و ڕێگەش نادرێت مریشک لە سامەڕاوە ببرێت بۆ ناوچەکانی تری وڵاتەکە."

XS
SM
MD
LG