Accessibility links

شەڕەکانی سودان وێڕای ڕێککەوتنی ئاشتی


47 کەس دەکوژرێن لە ئاکامی پێکدادانی نێوان دوو لایەنی ڕکابەری نەژادیدا لەهەرێمی دارفور لە سودان.

ئەم شەڕانەی ئەمڕۆ دووشەممە پاش پێکدادانە خوێناویەکانی ڕۆژانی شەممە و یەکشەممەن لە شوێنە جیاجیاکانی ئەو ناوچە پڕ لە ئاڵۆزیەدا کە 80 کەسی تیادا کوژران.

توندووتیژیەکانی ناو ئەو دوو هەرێمە، گەورەترین شەڕن لەوەتای مۆرکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی لە مانگی 10ی ڕابردوودا. چاودێر بە هیوابوون ئەو ڕێککەوتنە کۆتایی بەو چەندان ساڵەی شەڕ بێنێت.

هۆکارە سەرەکییەکانی شەڕەکان دەگەڕێنەوە بۆ خاوەندارێتی زەوی و زار و هەروەهاش دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەکانی ئاودا.

ئەم ئاڵۆزیانەش دوابەدوای زیاتر لە دوو هەفتە دێن لە بڕیاری کۆتاییپێهێنانی ئەرکی درێژخایەنیهاوبەشی ئاشتیپارێزانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئافریکا لە دارفور.

موحەمەد ساڵح، ڕێبەری خۆجێیی کە بە ڕەسەن عەرەب نییە دەڵێت "پێکدادانەکانی نێوان هەردوو تیرەی ڕوزەیقات و ئەلفەلاتە تەواو بوون و ژمارەی کوژراوەکانیش گەیشتۆتە 47 کەس و بەهۆی هێرشی ڕوزەیقاتەکانیشەوە ژمارەیەک خانوبەرە سوتاون."

سودان لەوەتای مانگی 4ی ساڵی 2019وە پاش ڕوخاندنی ڕژێمەکەی عومەر ئەلبەشیر، بە قۆناغێکی لەرزۆکی گواستنەوەدا تێدەپەڕێت.

حکومەتی نوێی سودان کە زیاتر لە کاربەدەستی سیڤیل پێکهاتووە، لەوکاتەوە لە هەوڵی سەقامگیرکردنی هەرێمەکانی وڵاتەکەدایە کە بەهۆی دەیان ساڵی شەڕی ناوخۆییەوە دووچاری مەینەتی بوونەتەوە.

لە هەرێمی دارفور، لە ساڵی 2003وە شەڕی خوێناوی و گەورە ڕوویانداوە و بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان 300 هەزار کەس لەو شەڕانەدا کوژراون و 2 ملیۆن و 500 هەزار کەسیش ئاوارەبوون.

لەگەڵ ئەوەشدا بە تێپەڕبوونی کات، ڕەوشی دارفور بەرەو هێوربوونەوە ڕۆیشتووە، بەڵام شەڕی ناوبەناوی تیرەکان و نەژادەکان درێژەیان هەیە و بەتایبەتیش لە نێوان ئاژەڵدارە کۆچەرییە عەرەبەکان و جوتیارەکانی ناوچەکە کە بە نەژاد عەرەب نین.

هێزە هاوبەشەکانیئاشتیپارێزانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئافریکا بەرنامەی کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغیان داناوە تا لە ماوەی 6 مانگدا ئەو 8 هەزار ئاشتیپارێزەی هەیانە بکشێنەوە.

XS
SM
MD
LG