Accessibility links

ئاماری سزای مردن لە عەرەبستانی سعودیە کەم دەبێتەوە


سزای مردن لە عەرەبستانی سعودیە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبۆتەوە لە ساڵی ڕابردوودا، دوابەدوای گۆڕانکارییەکان لە یاساکانی سزاداندا، بەپێی ئامارەکانی حکومەت و هەروەهاش چاودێرانی بێلایەن.

27 کەس سزای مردنیان بەسەردا سەپێندراوە لە شانشینی عەرەبستانی سعودیە لە ساڵی 2020دا، لە کاتێکدا لەساڵی 2019دا 184 کەس سزای مردنیان لەسەر جێبەجێکراوە.
وەک چاودێر دەڵێن لە ساڵی 2020دا سزای مردن بە ڕێژەی لە سەدا 85 کەمی کردووە.

شانشینی عەرەبستانی سعودیە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و یەکێک بووە لەو وڵاتانەی سزایەکی زۆری مردنی تیادا دەسەپێندرا، تەنانەت لەسەر ئەو تاوانانەی نەدەچوونە خانەی توندوتیژییەوە وەک قاچاغچێتی بەنگ و موخەدەرات.
کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عەرەبستانی سعودیە کە سەر بە دەوڵەتە دەڵێت، ئێستا گۆڕانکاری کراون و بەپێی یاسا نوێیەکان دەرفەتێکی تر بەو تاوانبارانە دەدرێت کە تاوانەکانیان ناچنە خانەی توندوتیژییەوە.

موحەمەد بن سەلمان، شازادەی تاج لە عەرەبستانی سعودیە لە پشت ئەم گۆڕانکاریانەوەیە و شا سەلمانی باوکی پشتیوانی دەکات.

بن سەلمان، هەوڵ دەدات وڵاتەکەی بکاتە وڵاتێکی مۆدێرن و سەرنجی وەبەرهێنانی بیانی ڕابکێشێت و ئابوری ببوژێنێتەوە و ئەو ڕیفۆرمانەی دەیەوێت لە وڵاتەکەیدا بیانکات بە مەبەستی کەمکردنەوەی ڕۆڵی کۆنەپارێزانی وەهابییە لە شانشینەکەدا کە وابەستەی بیرکردنەوەیەکی توندڕەوانە و جێبەجێکردنی شەریعەتی ئاینی ئیسلامن.

ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ، شانشینی عەرەبستانی سعودیەی لە ڕیزبەندی سێهەمدا دانابوو لەو وڵاتانەی لە ساڵی 2019دا سزای مردنیان سەپاندووە، پاش هەردوو وڵاتی چین و ئێران.

XS
SM
MD
LG