Accessibility links

هایکۆ ماس بەر لە سەردانەکەی بۆ تورکیا ئاگاهی دەدات "نابێت یاری کردن بە ئاگر بەردەوام بێت"


.
.

وەها بڕیارە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە ئانکەرە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیادا کۆببێتەوە، پاش یەک ساڵ پشێویی لە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەوروپادا.

بەر لە گەیشتنی بۆ ئانکەرە،هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بە ئاڵەنگارییەکانی ساڵی 2020 کردووە و ئاگاهیشی داوە وەک دەڵێت "نابێت یاریکردن بە ئاگر بەردەوام بێت."

ئەم سەردانە لە نێوەندی هێورکردنەوەی پشێویەکانی نێوان تورکیا و یۆناندایە کە هەردوو وڵات ئەندامن لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

ئەم دوو وڵاتە دراوسێیە گەیشتنە لێوارەکانی شەڕ، بەهۆی گرفتەکانی لەسەر سنوری ئاوی نێوانیان و هەروەهاش لەسەر گەڕانەکانی تورکیا بە دوای سوتەمەنیدا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا.

لە هەفتەی ڕابردوودا، هەردوو وڵات دەستپێکردنەوەی وتووێژیان لەسەر گەڕان بە دوای سوتەمەنیدا ڕاگەیاند و دەشڵێن دەشێت کۆبوونەوەی گەورەکاربەدەستانی ئەسینا و ئانکەرە بکرێن، لەوانە، کۆبوونەوەی سەرۆکی تورکیا و سەرەک وەزیری یۆنان.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت "خۆشحاڵین بەوەی تورکیا لە سەرەتای ئەمساڵدا ئاماژەی هاوکاری ناردووە و ئەو ئاماژانەش هەر تەنها قسە نین بەڵکو کرداریشی لەگەڵدان."
هایکۆ ماس، باسیشی لەوە کردووە، گەڕانەوە بۆ وتووێژ لەگەڵ یۆناندا هەنگاوێکی بەرایی گرنگە و دەڵێت "گێڕانەوەی کەشتی باربارۆس هایرێدین، ئاماژەیەکی ئەرێنیانەی ئانکەرەیە."

لە مانگی 12ی ڕابردوودا، یەکێتی ئەوروپا چرای سەوزی هەڵکرد بۆ فراوانکردنی سزاکان لەسەر تورکیا بەهۆی گەڕانەکانی ئانکەرەوە بە شوێن سوتەمەنیدا لەو سنورە ئاوییەی یۆنان و قوبرس بە سنوری خۆیانی دادەنێن.

لەگەڵ ئەوەشدا کە ئانکەرە بەردەوام دەیگووت، سزاکان پاشەکشە بەتورکیا ناکەن لەو مافەی هەیەتی بۆ گەڕان بە دوای سوتەمەنیدا، بەڵام ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ئامادەیی خۆی دەربڕی تا وەک دەڵێت "پەیوەندییە ئاڵۆزەکان لەگەڵ ئەوروپادا بخاتەوە سەر ڕێڕەوی خۆی."
ئەردۆغان داوای لە ڕێبەرانی ئەوروپاش کردووە تا هەڵوێستی هاوشێوە بنوێنن.

XS
SM
MD
LG