Accessibility links

ڕوسیا داواکان بۆ ئازادکردنی ڕێبەری ئۆپزسیۆنی وڵاتەکە فەرامۆش دەکات


ڕێگە نەدراوە ئالێکسی ناڤاڵنی، ڕێبەری ئۆپزسیۆنی ڕوسیا، نوێنەرایەتی یاسایی هەبێت، وەک پارێزەرەکەی ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاندووە.

ناڤاڵنی پاش گەڕانەوەی لە ئەڵمانیاوە بۆ ڕوسیا، لە فڕۆکەخانەیەکی مۆسکۆ دەستگیرکراوە.

ئۆڵگا میکائیلۆڤا، بە ڕادیۆی ئیکۆ ئۆف مۆسکۆی ڕاگەیاندووە "ڕێگەی نەدراوەتێ تا ناڤالنی ببینێت، کە لە ڕۆژی یەکشەممەوە پاش گەیشتنەوەی بۆ ڕوسیا لە بنکەیەکی پۆلیس لە نزیک فڕۆکەخانەوە هێڵراوەتەوە." دەشڵێت تەنانەت ڕێگەی نەدراوەتێ بچێتە ناو باڵەخانەکەی پۆلیسەوە لە ناوچەی خیمکی.

کیرا یارمشی، وتەبێژی ناڤاڵنی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا نوسیویە "ڕێگە دراوە بە هەردوو پارێزەرەکەی ڕێبەری ئۆپزسیۆن بچنە باڵەخانەکەی پۆلیسەوە، بەڵام ڕێگەیان نەدراوەتێ ئالیکسی ناڤاڵنی ببینن."

ناڤاڵنی، ڕەخنەگرێکی بەناوبانگە لە ڤلادمیر پوتن، سەرۆکی ڕوسیا و سەرۆکی نێوەندی دژە گەندەڵییە. ئەم نێوەندەش لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا، دەستگیرکردنی ناڤاڵنی بە کارێکی "نا یاسایی" ناودێر کردووە.

دەستگیرکردنی ئەلێکسی ناڤاڵنی تەمەن 44 ساڵ لە فڕۆکەخانەی شێرمیتۆیڤۆ لە مۆسکۆ، بۆتە مایەی شەپۆلێک بۆ داوای ئازادکردنی لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواە.

سێرگیێ لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕوسیا، ئەمڕۆ دووشەممە دەڵێت ئەو ناڕەزاییانەی وڵاتانی ڕۆژئاوا، بە مەبەستی لادانی سەرنجەکان بوون لەسەر کێشە ناوخۆییەکانی خۆیان.

لاڤرۆڤ دەڵێت "پێدەچێت سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوا، ئەمە وەک دەرفەتێک ببینن بۆ لادانی سەرنجەکان لەسەر قوڵترین قەیرانی خۆیان لەو کێشانەی لە پەرەپێدانی لێبراڵییەکەیاندا هاتوونەتە ئاراوە."

ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤ، سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایدەگەیەنێت بە قوڵی نیگەرانە بەهۆی دەستگیرکردنی ئالێکسی ناڤاڵنی و داواش دەکات دەستبەجێ ڕێبەری ئۆپزسیۆنی ڕوسیا ئازاد بکرێت.

لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا، ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤ، سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان نوسیویە " دووبارەی دەکەینەوە بەپێی سەروەری یاسا پێویستە مافەکانی ناڤاڵنی پارێزراوبن و هەروەهاش لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆیانە لەسەر ژەهراویکردنەکەی بکرێت."

XS
SM
MD
LG