Accessibility links

فارس حوسێن : بەو بەرگە كوردیەوە نەوەت جار سەرەدانی بەغدام كردووە و چل دانیشتنی دادگاکانی بەغدامان كردووە و دوو كەیسی گەورەشم بردۆتەوە


مام فارس
مام فارس

سەبارەت بە شایستە داراییەكانی جوتیارانی هەرێمی كوردستان و دوایین زانیاری و وردەكاری كەیسەكانی دادگای عێراقی و كۆمەڵێك پرسی تری تایبەت بە جوتیارانی هەرێمی كوردستان، فارس حوسێن ناسراو بە مام فارس سەرۆكی رێكخراوی جوتیارانی هەرێمی كوردستان لە وتووێژێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا دەڵێت" بەو بەرگە كوردیەوە نەوەت جار سەرەدانی بەغدام كردووە و چل دانیشتنی دادگاشمان لە دادگاکانی كەرخ و ڕەسافە كردووە و دوو كەیسی گەورەشم بردووەتەوە بەڵام پارەكە ڕاگیرا بیانویان لەسەر پرسێك هەبوو ئەمە تاوانێكە بەرامبەر بە جوتیاران، سەرانی دكتۆر بەرهەم ساڵحمان كردووە ئەویش بە غەدری زانیوە و هەوڵیداوە پارەكە بدرێتەوە، ئەم هەفتەیە كە سەردانی كۆشكی سەلاممان كرد بە ئامادەبوونی دكتۆر بەرهەم و وەزیری بازرگانی عێراقی رێككەوتنێك كرابوو كە ئەم شایستە داراییانە نیوەی خەرج بكرێت و نیوەكەی تریش بۆ كاتێكی تر، مافێكی شەرعی خۆمانە و لە دادگاش بردمانەوە بەس ماوە جێبەجێ بكرێت".

فارس حوسین ڕونیشی دەكاتەوە كە دوو ساڵ بەرلە ئێستا سكاڵایان لە حكومەتی عێراقی و خودی سەرۆك وەزیرانی عێراقی كردووە.

پارەی جوتیارانی هەرێمی كوردستان چەندە كە دەبێت بەغدا بنێرێت؟

سەرۆكی ڕێكخراوی جوتیارانی هەرێمی كوردستان دەڵێت" هەمووی 572 ملیۆن دیناری عێراقی بووە هەفتەی داهاتوو نیوەی دەدرێت و نیوەكەی تر دەمینێت لەبەر ئەوەی ئێمە لە دادگا دوو جار بردوومانەتەوە و جارێ سێهەم بیانویان گرت و دەڵێن تابعی 17% كوردستانە بەڵام بەداخەوە ئەو گەنمە وەرگیراوە و خوراوە".

ناوبراو، مژدە بە جوتیارانی هەرێمی كوردستان دەدات كەدەتوانن نیوەكەی تریش وەربگرن و هەوڵیش دەدەن ئەگەر شایستە داراییەكانیان بە بریاری دادگا بچێتە تەنفیز ئەوا قەرەبوی قانوونیشی لەگەڵدایە دەبێت غەرامەی ئەو پارەیەش بدرێتەوە.

ژمارەی ئەو جوتیارانەی هەرێمی كوردستان چەندە كە پارەیان لە لای حكومەتی بەغدایە و وەرنەگرتووەتەوە ؟

فارس حوسێن لەوبارەیەوە گووتی" لەوانەیە تا هەشت هەزار جووتیار بن بەڵام خەڵكێكیش تێدایە سودمەند بووە ئەو هەژار و جووتیارانە زوڵمیان لێكراوە لەكاتی سەدام حوسێن چوار هەزار و پێنجسەد گوندیان تێكچووە ئەنفالی بەسەردا كراوە".

بەدیلی ئێوە چییە ؟ جوتیاران گەنمەكانی بۆ كوێ بنێرن ؟

لە میانەی وتووێژەكەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا فارس حوسێن ناسراو بە مام فارس سەرۆكی ڕێكخراوی جوتیارانی هەرێمی كوردستان لەوبارەیەوە دەڵێت" بەدیل ئەوەیە دەبێت حكومەتی هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكێ نوێ بتوانێت سایلۆ دروست بكات و داهاتمان زۆرە لەبەر ئەوەی ئاو و هەوا و خاك و نشتیمانێكی بەپیت و بەرەكەتمان هەیە، دەبێت پلانێكی تەواوی هەبێت بتوانێت ئەو بەرهەمە خۆماڵیە وەربگرێت و بەبازاڕ بكات بۆ ئەوەی چیتر تووشی ئەم هەڵەیە نەبینەوە."

زانیاری زیاتر لە دەقی وتووێژەکەدایە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:03 0:00


XS
SM
MD
LG