Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: ئالان پەری


هەندێک نوسەر هەن، خەونەکانیان هەر تەنها لە نوسینی شیعر و چیرۆک و بابەتەکانی تردا جێیان نابێتەوە و خەونەکانیان هێندە گەورەن، ژمارەیەک نوسەر و ئەدیب پێکەوە کۆدەکاتەوە تا خەونی پڕۆژەیەکی گەورە بەدیبێنن.

کاتێکیش دەکەونە بەرنامەڕێژی بۆ وەدیهێنانی خەونەکانیان، بیرکردنەوە و ئاڕاستەکانی کارە پیرۆزەکانیان هەر تەنها بۆ خۆیان نییە و لەناو ئەم هەموو جەجاڵیانەی ژیاندا، بەشوێن خەوانەکانی ئەوانی تریشدا دەگەڕێن و ورد ورد ڕۆدەچنە دنیای ئەو نوسەرانەی دەخوازن دەرفەتیان هەبێت، بە شێوازێکی "نوسیار"انە دەکەونە هەڵسەنگاندن و تاووتوێکردنی تێکستەکان و بەشداری دەکەن لە وەدیهێنانی خەونی چاپکردنی کتێبدا و بە تایبەتیش بۆ ئەو نوسەرە لاوانەی هەست دەکەن دەرگاکانیان لێ داخراوە، جا بە هەر هۆکارێک بێت.

دەزگای نوسیار، لە کاتێکدا دەبێتە دەزگایەکی چاپ و بڵاوکردنەوە کە دەیان دەزگای تری هاوشێوە لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەبووە، بەڵام نوسیار بە گیانبازییەوە دەستپێدەکات و بوێرانە هەنگاوی خۆی دەنێت و گەنجە نوسەرەکان لە خۆی نزیک دەکاتەوە و بایەخێکی زیاتریان پێدەدات، ئەمە بێ لەوەی وەک نوسەر ئالان پەری، سەرپەرشتیاری نوسیار لە وتووێژێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەوان شاخەوان سدیقدا دەڵێت "خۆشەویستی بۆ ئەو بوارە وەهای لە خەونی نوسیار کرد ببێتە ڕاستی، بەڵام خەونێکی بەردەوامە و ئیشی بۆ دەکرێت و هەمیشە لە نوێبوونەوەدایە."

دەزگای نوسیار، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی بەرهەمە ناوازەکاندا، خەڵاتی تایبەتیشی هەیە و پێشدەچێت بکرێتە خەڵاتێکی ساڵانە بۆ ژانرەکانی شیعر و چیرۆک و ڕۆمان.

بە پێویستم زانی

کە لەژێر هەتاوێکدا بنێژرێم

تیشکی بێهودەیی لێ نەتکێ و

خەمی ڕەشەباکان نەیشێوێنێ...
ئەمە بڕیاری ئاسمانە و

پەیمانی شەو شەرابییەکانی شیعرمە.

ئالان پەری، شاعیرە و ئەزموونێکی زۆری لە وەرگێڕانیشدا هەیە. ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبم کۆمەڵە شیعری (سەراپام خەونە) لە ساڵی 2009دا چاپ دەکات و دواتریش لە ساڵی 2019دا (جەنگاوەرەکان پیشەیان مردنە) بە چاپ دەگەیەنێت. لەو 10 ساڵەی نێوان ئەو دوو کۆمەڵە شیعرییەدا، چەند کۆمەڵە شیعرییەکیش بە زمانی عەرەبی بڵاودەکاتەوە، ئەمە بێ لەوەی وەرگێڕانی ژمارەیەک تێکستی ئەدەبیشی لە زمانی دانیمارکییەوە بۆ زمانی کوردی کردووە و لە دانیمارکیشەوە بۆ کوردی، هەروەها چەندان کاری تریش لە پەیوەندی بە ڕوناکبیری و ڕۆشنبیرییەوە.

ئەزموونی نوسینی ئالان پەری، لە دەرەوەی نیشتمانە و بە دووریشی نازانم، پەری وەک زۆربەی نوسەرانی تری کورد، تاراوگە کاریگەری هەبێت بەسەریەوە، کاریگەری لەو ڕوانگەیەوەی ئاشنای کردبێت بە شتە نوێیەکان و لەوێوە دەربڕین و وێنە شیعرییەکانی خۆی بنوسێتەوە.

ناڵێم لە هەموو شیعرەکانیدا بەڵام لە بەشێکی بەرچاویاندا (ئەوانەی لە کاتی خۆ ئامادەکردندا بۆ ئەم بەرنامەیە دەمخوێندنەوە) وەها دەهاتنە پێش چاوم کە ئالان پەری مێژووی یان تەمەنی کەسێکم نیشان دەدات، کەسێک لە ململانێ و شەڕدایە، کەسێک بەردەوام هەوڵ دەدات ناسنامەیەک بە خۆی بدات، بەڵام تا خودی خۆی نەناسێت ناتوانێت ببێتە هەڵگری ئەو ناسنامەیە. هەر بۆیە پرسیارم لە خۆم کرد، باشە ئەو کەسەر لەو وێنە شیعریانەدا بۆچی ئالان پەری خۆی نەبێت؟ بۆ بیر لە ئەزمونی خەڵکی تر بکەمەوە، هەر بۆیە بڕیارمدا یەکێک لە پرسیارەکانم لەم بەرنامەیەدا سەبارەت بە خود نوسینەوە بێت.

ژمارەیەک دۆسێی گرنگ هەن، ئالان پەری لە سیعردا پەنایان بۆ دەبات و ڕۆدەچێتە ناویان، لەوانە ئارەزوویەک کە چێژ و سوێیەکی تایبەتی هەیە بۆ خۆی، عەشقێکی هەڵقرچاو، تاراوگە، مەنفا، هەستە ڕۆژهەڵاتییەکان، جەنگەکان، ژیان و هتد. ئەمانە تێکەڵ دەبن لەگەڵ تێکست و ڕۆحی ئالان پەریدا.

ئالان پەری، نوسەر و شاعیر وەڵامی پرسیارەکانی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا دەداتەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:29:08 0:00

XS
SM
MD
LG