Accessibility links

سەنتەری میترۆ ئاماری پێشێلکاریییەکان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە


ئەمڕۆ شەممە، سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان ئاماری ساڵی ٢٠٢٠ی خۆی لە میانەی چالاکییەکدا بڵاوکردەوە کە تێیدا کۆی پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەلایەن دەسەڵات و هێزە ئەمنییەکانەوە تۆمارکراون. لە چالاکییەکدا بەشێک لە کاربەدەستان و ڕۆشنبیران و ڕۆژنامەنووسان ئامادەبوون و بۆچوونەکانیان لە مەڕ ئەو پرسە خستەڕوو.

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠٢٠ی سەنتەری میترۆ کە لەلایەن ئاڤان جاف، سەرنووسەری گۆڤاری ژنەوە خوێندرایەوە، لە هەرێمی کوردستاندا ٣٨٥ پێشێلکاری بەرامبەر ٢٩١ ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستاندا ئەنجامدراون.

لە ناو ئەم پێشێلکارییانەشدا، "٦٣ ڕێگری، ٧٤ دەستبەسەرکردن بە بێ بڕیاری دادگا، ٤٨ هەڕەشە و لێدان و سووکایەتی، ٤٢ زەوتکردنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی، ٨ حاڵەتی هەراسانکردنی کچانی میدیاکار، ٣٠ دەستگیرکردن و ڕاگرتن بەدەر لە یاسای کاری ڕۆژنامەنەوانی، ٨ بەڵێننامەی پڕکردنەوە، ٦ شکاندنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی، ٤ داخستنی ئۆفیسی کەناڵ و دوو هێرش و تەشویشی ئەلیکترۆنی"یان لە خۆگرتبوو.

لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە سەرانسەری عێراقدا و هاوشانی هەرێمی کوردستان پێشێلکاری دژ بە ڕۆژنامەنووسان ئەنجامدراون و بۆ ڕاپۆرتی ئەمجارەیان، سەنتەری میترۆ بەشێک لە پێشێلکارییەکانیان تۆمارکردووە.

"١٢٠ پێشێلکاری بەرامبەر ٨٣ ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن، ٧١ ڕێگری، ٣٠ دەستبەسەرکردن و ڕاگرتن بەبێ بڕیاری دادگا، ٩ زەوتکردنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی، ٧ هێرش و لێدان و سووکایەتی، ٢ پڕکردنەوەی بەڵێننامە و ١ ڕفاندن."

لای خۆیەوە دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ وتارێکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر ئەوەی پێشێلکارییەکان دژ بە ڕۆژنامەنووسان لە فۆرمی جیاوازدا خۆیان دەبیننەوە هەتا دەگاتە کڕینەوە و دەستگرتن بەسەر میدیاکان و درووستکردنی میدیای سێبەر لەلایەن دەسەڵاتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا و بەتایبەت لەسەروبەندی هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، خۆپیشاندانەکان دژ بە حکومەت و تێکچوونی سەقامگیری سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا، پێشێلکارییەکان دژ بە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان ڕوویان لە زیادبوون کرد و چەندین ناوەندی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتی جیاجیادا نیگەرانییەکانیان لە مەڕ ئەو پرسە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیاند.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:35 0:00


XS
SM
MD
LG