Accessibility links

هەڵوێستی سیاسی کورد لەبەغدا بەرەو دابەشبوونی زیاتر دەڕوات


لەکاتێکدا تا دێت پێگەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراق لاوازتر دەبێت، هێز و لایەنە عێراقیەکان دژی ڕێککەوتنن لەگەڵ هەرێم، بەو پێیەی وادەی پێشوەختی هەڵبژاردن نزیکە، تا دێت ناکۆکی نێوان حیزب و لایەنە کوردیەکانیش قوڵتر دەبێتەوە و هەڵوێستی سیاسی کورد بەرەو دابەشبوونی تەواو دەڕوات.

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، وەفدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تاکلایەنە ڕۆیشتوونەتە بەغدا بۆ گفتووگۆکردن لەگەڵ لایەنە عێراقیەکان، پێشتریش هاوسەرۆکی یەکێتی بۆ هەمان مەبەست بەتەنها سەردانی بەغدای کردبوو.

لەبەرامبەر جوڵەی بەرپرسانی یەکێتی و پارتی دا، لەلایەن ژمارەیەک پەرلەمانتاری کوردیشەوە ( هاوپەیمانی هیوای کوردستانی) ڕاگەیەنرا، کە هاوپەیمانێتیەکە لە پەرلەمانتارانی سەرجەم لایەنەکان جگە لەیەکێتی و پارتی پێکهاتووە و خیتابی سیاسیان تەواو لەوانیتر جیاوازترە.

بورهان محەمەد فەرەج پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و چاودێری سیاسی، پێیوایە یەکگرتوو نەبوونی کورد لە بەغدا ڕاستیەکە و نکۆڵی لێناکرێت، دەڵێت"ئێمە پێشتر لە چوارچێوەی هاوپەیمانی کوردستانیدا بووین، هێشتا نەماندەتوانی وەک پێویست ڕۆڵمان هەبێت، چ جای ئێستا کە هەر حیزب و کوتلەیەک بەلایەکدا دەیبات، ئەمە کاریگەری خراپی لەسەر پێگەی هەرێم دەبێت."

پێشتر لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی لەسەردانێکدا بۆ بەغدا، لەگەڵ حیزب و لایەنە عێراقیەکاندا کۆبوویەوە، دواتر هۆکاری سەردانەکەی بۆ داواکردنی مافە دەستوریەکانی هەرێم گێڕابوویەوە، لەکاتێکدا بەرپرسانی پارتی تێڕوانینی جیاوازتریان بۆ سەردانەکەی هەبوو.

لەئێستاشدا کە وەفدێکی پارتی ڕۆیشتووەتە بەغدا، بە پێی بەدواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، بۆ دوو مەبەست ڕۆیشتوون، ئامادەکاری بۆ سەردانێکی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا و گفتووگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، تا وەکو نوێنەری هەرێم مامەڵە لەگەڵ ئەوان بکرێت، هەروەها پێدانی مافی هەرێم لەڕێگەی حکومەتی هەرێمەوە، نەک لەڕێگەی ترەوە.

دوای گفتووگۆکردنی وەفدی پارتی لەگەڵ لایەنە عێراقیەکان، بەرهەم ساڵەح سەرۆک کۆماری عێراقیش، لەگەڵ ئەو 15 پەرلەمانتارەدا کۆبوویەوە، کە هاوپەیمانێتی هیوای کوردستانیان ڕاگەیاند،ئەمە لەسەر ئاستی عێراق بەپەیامێک بۆ لایەنە شیعیەکان لێکدەدرێتەوە، کە ئەوانیش بەشێکن لە نوێنەرایەتیکردنی هەرێم، نەک تەنها پارتی.

ئەمین بەکر ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، ئاماژەی بەوەکرد لایەنە کوردیەکان لەمێژە دابەشبوون، بەتایبەت جوڵە سیاسی و دبلۆماسیەکانی پارتی و یەکێتی هەمیشە تاکلایەنە بووە، وتی"ئێستا گۆڕانکاری لەو بۆچوونەدا دروستبووە، کە حیزبەکان لەکاتێکدا لەهەرێم نەیار و ئۆپۆزسیۆنی یەکترین، لەبەغدا یەک تیم بن."

وتیشی"پێویستە جۆرە ڕێگەیەکی تر بدۆزرێتەوە، هەر هێزێک گفتووگۆ دەکات لە بەغدا، کۆمەڵێک خاڵ بکرێتە پێوەر بۆی، گفتووگۆکانی لەچوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستاندا بێت."

دابەشبوونی هەڵوێستی سیاسی حیزبە کوردیەکان، لەکاتێکدایە لایەنە عێراقیەکانیش لەسەر ئاستی عێراق لە کێشمەکێش و ململانێیی سیاسیدان، بەتایبەت کوتلەی سەدر، حیکمە و محەمەد حەلبوسی لەئێستادا لەبەرەیەک و بەشێک لە هێزە شیعیەکانی تر، لەگەڵ خەمیس خەنجەر و چەند هێزێکێ تر، لەبەرەیەکی تردان.

بورهان محەمەد فەرەج، دەڵێت"شیعەکان گەر دابەشیش بووبن و ململانێی یەکتریش بکەن، دواجار هاوهەڵوێستن لەسەر دژایەتی مافە دەستوریەکانی کورد، بۆیە کورد لەنێو هەردوو بەرەکە پشتیوانی بەهێزی نیە."

دابەشبوونی هەڵوێستی سیاسی کورد لەبەغدا، لەکاتێکدایە وادەی پێشوەختی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کەمتر لە 6 مانگی ماوە، هەرچەندە پێشبینی دەکرێت پرۆسەکە بۆ پایزی ئەمساڵ دوابخرێت.

.

XS
SM
MD
LG