Accessibility links

تورکیا داوای وتووێژ لە یۆنان دەکات


تورکیا بانگهێشتی یۆنان دەکات بۆ دەستکردنەوە بە وتووێژکردن لەسەر ئەو دۆسێیانەی بوونەتە مایەی ناکۆکی لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

ئەم بانگێهێشتە دوابەدوای مشتومڕی هاوینی ڕابردوو بوو لەسەر سنوری ئاوی ئەم دوو وڵاتە دراوسێیە و هەروەهاش لەسەر مافی گەڕان بەشوێن سوتەمەنیدا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.

مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە بانگهێشتەکەی گەیاندۆتە نیکۆس دیندیاس، وەزیری دەرەوەی یۆنان تا پێکەوە کۆببنەوە بۆ وتووێژکردن لەسەر پەیوەندییە خراپەکانی نێوان ئانکەرە و ئەسینا.

ئەم بانگهێشتەش لە کاتێکدایە، تورکیا ڕووبەڕووی سزای یەکێتی ئەوروپا دەبێتەوە و پەیمانیشی داوە پەرە بە پەیوەندییەکانی خۆی بدات لەگەڵ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا.

وتووێژەکانی نێوان ئانکەرە و ئەسینا، 61ەمین جارە لەو پرۆسە درێژخایەنەی دانوستاندنی نێوانیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان.

چاوشئۆغڵو دەڵێت "ئەمڕۆ دەمانەوێت بانگهێشتێکی کراوەی یۆنان بکەین تا لەم مانگی یەکەدا دەست بە وتووێژەکانمان بکەین." هەروەها دەشڵێت تورکیا میوانداری ئەو کۆبوونەوەیە دەکات پاش ئەوەی کاربەدەستانی هەردوو وڵات لەسەر ڕۆژێک بۆ ئەو کۆبوونەوەیە ڕێکدەکەون.

ئەم دوو وڵاتە دراوسێیەی سەر دەریای ناوەڕاست لەسەر ژمارەیەک دۆسێ، ناکۆکی لە نێوانیاندایە، لەوانە سنوری ئاوی لە دەریای ئیجەدا.

تورکیا و یۆنان، لە ناوەڕاستی ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە 3 جار گەیشتوونەتە لێواری شەڕ.

پشێوی و ئاڵۆزیەکانی نێوانیشیان لە هاوینی ڕابردوودا زیاتر بوو پاش ئەوەی ئانکەرە کەشتی گەڕانی بە دوای سوتەمەنیدا ناردە ناو ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و ژمارەیەک کەشتی جەنگییش یاوەرییان دەکرد، یۆنان جەختی دەکردەوە لەوەی ئەو ناوچانەی کەشتیەکانی تورکیا بۆی چوون، سنوری یۆنانە.

سەرەک وەزیری یۆنان دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ هاوشانە پورتوگالیەکەیدا لە لشبۆن، وتوویەتی لە لێدوانەکانی چاوشئۆغڵو ئاگادار کراوەتەوە.

کیریاکۆس میتسۆتاکیس دەڵێت هەرچەندە تا ئێستا ئەو بانگهێشتە لەڕێگەی فەرمییەوە نەکراوە بەڵام بە هەنگاوێکی ئەرێنی دایدەنێت کە تورکیا خواستی خۆی بۆ دەستپێکردنی ئەو پرۆسەیە دەربڕیوە و دەشڵێت "یۆنان بەشداری لەو وتووێژانەدا دەکات هەر کە ڕۆژێکی بۆ دیارکرا، بەڵام لەگەڵ ڕەچاوکردنی ڕێنوماییەکانی ئەنجومەنی ئەوروپا."

XS
SM
MD
LG