Accessibility links

داعش لە نایجیریا بۆسە دەنێتەوە


13 سەرباز لە بۆسەیەکی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی هەرێمی ڕۆژئاوای ئافریکا دەکوژرێن لە باکوری ڕۆژهەڵاتی نایجیریا.

دوو سەرچاوەی لەشکری ئەم هەواڵەیان بۆ ئاژانسی دەنگ و باسی فڕانس پرێس پشتڕاست کردۆتەوە.

تەقەیەکی زۆر کراوە و چەکی ئاڕ پی جیش بەکارهێنراوە، لەو بۆسەیەی ڕۆژی شەممە بۆ کاروانێکی لەشکری وڵاتەکە نرابووەوە لە گوندی گەیزەجانا لە هەرێمی یۆ بی.

یەکێک لە ئەفسەرەکان دەڵێت "13 سەرباز کوژراون و چەندانی تریش بریندارن."

لەشکری نایجیریا کە هەمیشە ژمارەی زیانە گیانییەکان زۆر کەم دەکاتەوە، لە ڕاگەیەندراوێکدا، درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە بڵاوی کردۆتەوە دەڵێت " لەو بۆسەیەدا، یەک سەرباز کوژراوە و 28 یش لە جیهادییەکان لەناوبراون."

کاروانە لەشکرییەکە دەڕۆیشت بەرەو بنکەی لەشکریی بونی یادی، بەپێی لێدوانی یەکێک لە سەرچاوەکانی لەشکر و دەشڵێت "شەڕێکی قورس بووە و تێرۆریستانیش زیانی گیانییان هەبووە." بەڵام ناڵیت چەند کەس لە تێرۆریستان کوژراون.

دەوڵەتی ئیسلامی لە هەرێمی ڕۆژئاوای ئافریکا، بەردەوام لە ناوچەی بونی یادی هێرشی خۆیان دەکەنە سەر سەربازەکان و ئەوانەش کە سەردانی ئەو ناوچەیە دەکەن و زۆر جاریش ئەو توندوتیژیانە هەرێمی بۆرنۆش دەگرێتەوە.

لە ساڵی 2009وە جیهادییەکان لە هێرشەکانیاندا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی نایجیریا سەنگییان خستۆتە سەر هەرێمی بۆرنۆ، کە تێرۆریستانی بۆکۆ حەرام لەو ناوچەیەدا جموجۆڵیان هەیە.

دەوڵەتی ئیسلامی لە هەرێمی ڕۆژئاوای ئافریکا لە ساڵی 2016دا لە بۆکۆ حەرام جیابۆتەوە و بۆتە ڕێکخراوێکی باڵادەست لەو ناوچەیەدا.

توندوتیژییەکان پەرەیان سەندووە و وڵاتانی دراوسێی وەک نەیجەر و چاد و کامیرۆنیشیان گرتۆتەوە و ئەمەش وەهای کردووە هاوپەیمانێتییەکی لەشکریانە لە نێوان ئەو وڵاتانەدا پێکبهێنرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوە جیهادییەکان.

بەلانیکەم 36 هەزار کەس لەم قەیرانەدا کوژراون و نزیکەی 2 ملیۆن کەسیش لە ساڵی 2009وە زێدی خۆیان جێهێشتووە و ئاوارەبوون.

XS
SM
MD
LG