Accessibility links

4 چالاکوان بە سوکایەتیکردن بە پادشایەتی تایلاند گوناهبار دەکرێن


خۆپیشاندەرانی تایلاند
خۆپیشاندەرانی تایلاند

دەسەڵاتدارانی تایلاند، چوار چالاکوانی دیموکراسیخوازیان بە بێڕێزیکردن بە پادشایەتی وڵات گوناهبارکردووە.

ئەم گوناهبارکردنانەش لە کاتێکدایە ئەو شەپۆلی ناڕەزاییەی وڵاتەکەی هەژاندووە بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە ڕاگیراوە.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، 41 کەس بە سوکایەتیکردن بە پادشایەتی لە تایلاند گوناهبارکراون لەوەتای مانگی 7ی ڕابردووەوە و دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی لاوان.

دەشێت سزای 15 ساڵ زیندانیکردن بۆ گوناهبارکراوەکان ببڕدرێتەوە، بەڵام هەڕەشەی دادگاییکردن نەبووەتە مایەی کشاندنەوەی ئەو خۆپیشاندەرانەی داوای ڕیفۆرمی سیستەمی پادشایەتی وڵاتەکە دەکەن و هەروەهاش لێکۆڵینەوە کردن لە بودجەی پادشایەتی.

پۆلیس ئەمڕۆ دووشەممە لێکۆڵینەوەی لەو چوار کەسە کردووە، بەپێی لێدوانی پارێزەرە تایلاندیەکانی لە بواری مافەکانی مرۆڤدا کار دەکەن.

لە دۆسێیەکی تردا، خوێندکارێک بەوە گوناهبار کراوە کە خەریکی چاپکردنی 10 داواکەی بزوتنەوە دیموکراسیخوازەکەی تایلاند و هەروەهاش تێکستی وتارەکانی ڕێبەرانی خۆپیشاندانەکان بووە.

هەر چوار گیراوەکە ئەمڕۆ دووشەممە لەبەردەم پۆلیسدا وتوویانە کە بێتاوانن.

وتەبێژی حکومەتی تایلاند دەڵێت "خەڵک ئازادە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بە شێوەیەک کە بونیاتنەر و سودمەند بێت بۆ کۆمەڵگە، نەک بۆ هاندانی ڕق و کینە."

خۆپیشاندەران داوای ڕیفۆرمی سیاسی دەکەن و هەروەهاش دەست لە کار کێشانەوەی سەرەک وەزیری وڵاتەکە.

XS
SM
MD
LG