Accessibility links

دۆسێی ئیسرائیل و فەلەستین چوار وڵات لە قاهیرە کۆدەکاتەوە


Giza Egypt

وڵاتی میسر میوانداری وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و فەڕەنسا و شانشینی ئوردون دەکات و لە کۆبوونەوەکەشیاندا پێداچوونەوە دەکەن بە وتووێژی ئاشتیانەی نێوان ئیسرائیلی و فەلەستینییەکاندا.

ئەم کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆ دووشەممەش نزیکەی یەک هەفتە بەر لەوەیە جۆو بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا بچێتە کۆشکی سپی.

وەزارەتی دەرەوەی میسر دەڵێت "ئامانجی کۆبوونەوەکە داواکردن و هاندانی ئیسرائیلی فەلەستینییەکانە بۆ دانوستاندن کردن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هەمە لایەنەی سیاسی لەسەر بنچینەی گەیشتن بە دەوڵەتێکی فەلەستینی کە ڕۆژهەلاتی ئۆرشەلیم پایتەختی ئەو دەوڵەتە بێت."

فەلەستینییەکان گازەندەیان هەیە لە سیاسەتەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ و دەڵێن هەنگاوەکانی واشنتۆن لە بەرژەوەندی ئیسرائیل بووە.

بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ، فەلەستینییەکانی لە پەراوێز نابوو، دانی بە ئۆرشەلیمدا ناوە وەک پایتەختی دەوڵەتی ئیسرائیل و باڵیۆزخانەی ئەمەریکاشی لە تەلئەڤیڤەوە گواستەوە بۆ ئۆرشەلیم، هەروەها یارمەتی دارایی فەلەستینییەکانیشی کەمکردەوە.

عەبدولفەتاح ئەلسیسی، سەرۆکی میسر لە مانگی ڕابردوودا وتوویەتی "قاهیرە بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی دوو دەوڵەتیدا دەڕوات لە قەیرانی نێوان ئیسرائیلی و فەلەستینییەکاندا، لەگەڵ ڕەچاوکردنی گۆڕانکارییە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکانیشدا."

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا دەڵێت لە کۆبوونەوەکەدا وتووێژ دەکرێت لەسەر هاندانی ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی وتووێژی بابەتیانە لەسەر بنچینەی ئاساییکردنەوە ئەرێنییەکانی ئەم دواییە لە ناوچەکەدا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیاش دەڵێت لە کۆبوونەوەکەدا سەنگی دەخرێتە سەر نزیکبوونەوەی ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان.

لە مانگی 9ی ڕابردوودا، مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان داوایکرد لە سەرەتای ئەمساڵی 2021ەدا کۆنفرانسێکی نێونەتەوەیی بکرێت بۆ پرۆسەیەکی ڕاستەقینەی ئاشتی لەسەر بنچینەی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەهاش لەسەر بنچینەی ڕێککەوتنەکانی پێسوو لەگەڵ ئیسرائیلدا.

لە مانگی ڕابردوودا ڕیاز ئەلمالیکی، وەزیری دەرەوەی فەلەستینییەکان وتبووی "دەسەڵاتی فەلەستینییەکان ئامادەیە بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدندا." هەروها داوای لە ئیسرائیلیش کردووە تا بگەڕێتەوە بۆ وتووێژی ئاشتی لەسەر بنچینەی چارەسەری دوو دەوڵەتی بۆ قەیرانی نێوان ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان.

XS
SM
MD
LG