Accessibility links

ئێران داوا دەکات دۆسێی کەشتییەکەی کۆریای باشور بە سیاسی نەکرێت


کەشتییە دەستبەسەردا گیراوەکەی کۆریای باشور
کەشتییە دەستبەسەردا گیراوەکەی کۆریای باشور

کۆماری ئیسلامی ئێران ئاگاهیدەدات تا دۆسێی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکەی کۆریای باشور لە کەنداودا نەکرێتە بابەتێکی سیاسی.

ئەم ئاگاهیدانەی تاران پاش داواکانی ئەمەریکا و فەڕەنسایە بۆ ئازادکردنی کەشتییەکە.

سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت "بەردەوام بەو وڵاتانەمان وتووە، جا ئەمەریکا بێت یان فەڕەنسا، ئەم دۆسێیە پەیوەندی نییە بەوانەوە و ئەوانیش یارمەتیدەر نابن لە چارەسەرکردنی ئەم کێشە تەکنیکییەدا ئەگەر بێتوو بە سیاسی بکەن."

سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر لە نزیک تەنگەی هورموزەوە، دەستی گرتووە بەسەر کەشتییەکەی کۆریای باشور و هەروەهاش تاقمە 20 کەسییەکەی کەشتیەکەدا.

دەستبەسەردا گرتنی کەشتییەکە لە کاتێکدایە، تاران داوای لە کۆریای باشور کردووە سڕ کردنی چەندان ملیار دۆلاری ئێران هەڵگرێت. سیۆڵ ئەو پارانەی ئێرانی سڕ کردووە بەپێی سزاکانی ئەمریکا سەپاندونیەتە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران.

ئەمەریکا و فەڕەنسا داوای ئازادکردنی کەشتییەکە و تاقمی کەشتیەوانەکانیشیان کردووە.

وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، دەستبە سەرداگرتنی کەشتییەکەی بە بەشێک لە هەوڵێکی ڕوون و ئاشکرای ئێران ناودێرکردووە بۆ پارە کێشانەوە لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بۆ سوک کردنی فشاری سزاکان.

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا دەڵێت "دەستبەسەرداگرتنی ئەو کەشتییەی کۆریای باشور، ئاگرخۆشکردنی پشێوی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەیە."

چۆی جۆنگ کوون، جێگری وەزیری دەرەوەی کۆریای باشور، بە سەردانێکی چاوەڕوانکراو، ڕۆژی یەکشەممە گەیشتە تاران.

ئاژانسی دەنگ و باسی کۆریای باشور دەڵێت ئەم سەردانە بە مەبەستی "دانوستاندن کردنە بۆ زووبەزوو ئازادکردنی کەشتییەکە و تاقمی کەشتیەوانەکانیش."

تاقمی کەشتیەوانەکان بریتین لە هاوڵاتیانی کۆریای باشور، ئیندۆنیسیا، ڤیەتنام و هەروەها میانمار.

بەڵام وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت "ئامانجی سەرەکی سەردانەکە بۆ وتووێژکردنە لەسەر پارە سڕکراوەکانی ئێران لە کۆریای باشور."

خەتیبزادە لە لێدوانەکەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا وتوویەتی "شاندی کۆریای باشور پرسیاریان هەبووە لەسەر کێشە تەکنیکییەکان و ئێران وەڵامی داونەتەوە." بەبێ ئەوەی باس لە هیچ وردەکارییەک بکات.

XS
SM
MD
LG