Accessibility links

خۆپیشاندان لە شاری ناسریەی عێراق دەستپێدەکاتەوە


لەشکری عێراق ڕایدەگەیەنێت، پۆلیسێک کوژراوە و گەواهدەرانیش دەڵێن هێزە ئاسایشییەکان تەقەیان کردووە بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران لە شاری ناسریە، مەڵبەندی ناڕەزاییەکان دژی دەسەڵاتدارانی عێراقی.

سەرچاوە تەندروستییەکان لە شاری ناسریەی باشوری عێراق دەڵێن 3 ڕۆژە خۆپیشاندان و پێکدادان لە شارەکەیاندا دەستیانپێکردۆتەوە و ئەو پۆلیسەش کە کوژراوە، گوللەیەک بەر سەری کەوتووە.

لەشکری عێراق دەڵێت 33 کەسی تریش لە هێزەکانی پۆلیسی شارەکە برینداربوون لە ڕووداوەکانی ئەمڕۆ یەکشەممەدا، لەشکر هیچ زانیاری و وردەکارییەکی زیاتری نەداوە.

گەواهدەران دەڵێن، هەندێک لە خۆپیشاندەران دەیانویست بەردبارانی هێزە ئاسایشییەکان بکەن و هێزە ئاسایشییەکانیش بە مەبەست کەوتنە تەقەکردن بەسەر خۆپیشاندەراندا تا بڵاوەیان پێبکەن، بەڵام دواتر خۆپیشاندەران گەڕانەوە مەیدانی حەبوبی، شوێنی سەرەکی خۆپیشاندانی شارەکە، کە بە نێوەندێکی سەرەکی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق ناودێر دەکرێت.

ئەو دەوارانەی لە مەیدانی حەبوبی هەڵدرابوون، لە مانگی 11ی ڕابردوودا لادران، پاش کوژرانی 8 کەس لەو پێکدادانەی لە نێوان خۆپیشاندەران و لایەنگرانی موقتەدا ئەلسەدر ڕوویاندابوو.

ڕۆژی هەینی خۆپیشاندەران گەڕانەوە بۆ مەیدانی حەبوبی لە شاری ناسریە و داوای ئازادکردنی ئەو کەسایەتیانەیان دەکرد کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بەهۆی دژایەتیکردنی دەسەڵاتەوە دەستگیرکراون. لەو کاتەشەوە هێزە ئاسایشییەکان چەند جارێک تەقەیان بە ئاسماندا کردووە بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران.

وتەبێژی لیژنەی ڕێکخستنی کاروباری خۆپیشاندەران لە شاری ناسریە دەڵێت "ئەمڕۆ یەکشەممە پاش کوژرانی پۆلیسەکە، دەسەڵاتداران 13 خۆپیشاندەریان ئازادکردووە و دەسەڵاتداران پەیمانیشیان داوە سبەی دووشەممە، ژمارەی زیاتری گیراوەکان ئازاد بکەن."

لەوەتای ئەم شەپۆلی ناڕەزایەتیە لە عێراق دامرکاوەتەوە بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و سەرکوتکردنەکانی بوونەتە مایەی کوژرانی نزیکەی 600 کەس و برینداربوونی 30 هەزار کەس، کردەکانی ڕفاندن و کوشتن و دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران دەستیانپێکردووە.

خۆپیشاندەران لەگەڵ داوای کۆتاییهێنان بە گەندەڵییەکانی سیاسییەکانی وڵاتەکەیان، هەروەها داوای ڕەخساندنی دەرفەتەکانی کارکردن و دابینکردنی خزمەتگوزاریە بنچینەیی و گشتیەکانیش دەکەن، لە کاتێکدا عێراق ڕۆچۆتە خراپترین قەیرانی ئابورییەوە لە مێژووی نوێی خۆیدا.

XS
SM
MD
LG