Accessibility links

ژاپۆنییەکان داوای دواخستنێکی تری ئۆڵۆمپیاد دەکەن


لە سەدا هەشتای دانیشتوانی ژاپۆن دەخوازن یارییەکانی ئۆلۆمپیاد دوابخرێتەوە، بەپێی ڕا وەرگرتنێکی نوێ لە ژاپۆن.

بڕیارە هاوینی داهاتوو ئەو یاریانەی ئۆڵۆمپیاد بکرێت، لە کاتێکدا وڵاتەکە کەوتۆتەوە بەر شەپۆلێکی نوێی پەتای کۆرۆنا.

ئاژانسی دەنگوباسی نیشتمانی کیۆدۆ، ئەم ڕاوەرگرتنەی کردووە، زیادبوونێکی بەرچاوی ڕێژەی خواستی خەڵکی تیادا بەدی دەکرێت، لە کاتێکدا لە مانگی 7ی ڕابردوودا لە ڕا وەرگرتنێکی تردا ڕێژەکە نزیکەی لە سەدا 60 بوو.

بەپێی ئەم ڕاوەرگرتنە نوێیە، لە سەدا 35ی بەشداربووان دەیانەوێت ئەو یاریانەی ئۆڵۆمپیاد لە وڵاتەکەیاندا هەر نەکرێت و هەڵبوەشێندرێتەوە، بەڵام لە سەدا 45یش دەڵێن پێویستە یارییەکان جارێکی تریش دوابخرێنەوە.

ڕێکخەرانی ئۆڵۆمپیادی تۆکیۆ، زیاد لە جارێک جەختیان کردۆتەوە لەوەی دواخستنێکی تر، کارێکە ناکرێت، وێڕای ئەوەی لە 3 ڕۆژ لەمەوبەرەوە باری نائاسایی ڕاگەیەندراوە بەهۆی هەروادێ و زۆربوونی تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا، بەڵام ڕێکخەرانی ئۆڵپمپیاد جەخت دەکەنەوە لەوەی ئەو بارە نائاساییە نابێتە تەگەرە لەبەردەم پلانەکانیدا.

لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕێکخەرانی ئۆڵۆمپیادی تۆکیۆ دەڵێن "ڕاگەیاندنی باری نائاسایی دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی پەتای کۆرۆنا و هەربۆیەشە دەتوانرێت یارییەکان لە ڕەوشێکی پارێزراودا لەم هاوینەدا بکرێت و لەسەر ئەم بنچینەیەش بەردەوام دەبین لە ئامادەکارییەکان."

یوشیهیدی سوگا، سەرەک وەزیری ژاپۆن دڵنیایی خۆی ڕاگەیاندووە بەوەی بیرکردنەوەی خەڵک دەگۆڕدرێت کاتێک لە مانگی داهاتوودا لە وڵاتەکەیدا دەست دەکرێت بە بەکارهێنانی ڤاکسینەکە.

دیک پاوەند، ئەندامی لیژنەی نێونەتەوەیی ئۆڵۆمپیاد لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی بی بی سی، ئاماژەی بەوە کردبوو کە دڵنیا نییە لەوەی لە هاوینی داهاتوودا ئەو یاریانە بکرێن چونکە وەک دەڵێت "کێشە سەرەکییەکە لە بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبوواندایە بە پەتای کۆرۆنا."
بڕیار بوو لە هاوینی 2020دا یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد لە تۆکیۆ بکرێت، بەڵام بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، دواخرا بۆ ڕۆژی 27 ی مانی حەوت و تا ڕۆژی 8ی مانگی 8یش دەخایەنێت.

XS
SM
MD
LG