Accessibility links

لە ساڵی 2020 کۆی گشتی 315 پێشێلکاری بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئەنجامدراون


لیژنەی داکۆکی لە ئازادی ڕۆژنامەنووسی و مافی ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان ڕاپۆرتی پێشێلکاریەکانی ساڵی 2020 ی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە کە کۆی گشتی 315 پێشێلکاری بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کراون.

حاکم ئازاد حەمەدەمین نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند " پێشێلکاری زیاترە لە ڕابردوو بەداخەوە ئەم عورف و نەریتەی کە مامەڵەی سەخت و ستەمکارانە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان بەردەوامە ئەمەش کارێکی قیزەون و نەخوازراوە لە کوردستان، بەردەوامبوونی پێشێلکاری مانای ئەوە نییە کە هەموو ڕۆژنامەنووسان زۆر پیشەیین خەڵکێکی زۆر نامۆ هەن لەناو ڕۆژنامەگەریدا، بەداخەوە حزبە سیاسیەکان هەموو کەرەستە سیاسیەکەی خۆیان خستووەتە ناو میدیاوە و ئێمەیان بەکارهێناوە و کاتی ئەوە هاتووە کە میدیاکاران بە ڕاشکاوی بڵێن بەسە تەداخول لە کاری میدیا و لەڕووی پیشەییەوە بێگومان ئێمە بە هەموو شێوەیەک دژی هەر پێشێلکاریەکین کە بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان دەکرێت و پێمانوایە سەرپێچیە لە یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 کە جۆرێک لە پارێزبەندی و کاری پیشەیی داوەتە دەست ڕۆژنامەنووسان."

ڕۆژی چوارشەممە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەپێی شاهید حاڵەکان پێشێلکاری بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووس ئەیوب وەرتی پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا دەکرێت.

لەبارەی چۆنیەتی ئەو پێشێلکاریەی نێو پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ئەیوب وەرتی پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا بۆ دەنگی ئەمەریکا وەها باسی ڕووداوەکە و هەڵویستی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت" ئەوەی کە ڕوویدا بەکورتیەکەی تا ئێستا خۆیشم پێم سەیربوو چونکە پێشتر ئێمەی ڕۆژنامەنووسان لەو شوێنە لێدوانمان وەرگرتووە نەمزانی بۆ ناهێڵن لەوێ لێدوان وەربگرین دواتر کۆمەڵێک قسەی نەشیاوی کرد کە بۆ سەر شاشە و میدیا نابێت بە ئێمەی وت، ئەوەی کە نا ڕوونە تا ئێستا خودی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانە کە ئەم پێشێلکاریە زەقە کرا ، ئەمڕۆ سەندیکای ڕۆژنامەنووسان کە کۆنگرەی ڕۆژنامەنوسی هەبوو بە شەرمەوە بەشێوەیەک لە شێوەکان بەترسەوە باسی ئەو ڕووداوەی دوێنێی کرد هەر وەک ئەوەی کە نەمزانیبێت باسیش کرا یان نا، لەکاتێکدا دەبوایە ئەوان زۆر بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا هەڵویستیان لەسەر ئەم بابەتە هەبووایە چونکە بەڕاستی ئەوەی کە ڕوویدا ڕووداوێکی ئاسایی نەبوو."

نەقیب سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت " ئەم ڕاپۆرتەی کە ئێستا دەخرێتە بەردەست کە لە 114 لاپەڕە پێکهاتووە لە ڕۆژانی داهاتوو هەوڵ دەدەین بە هەماهەنگی لەگەڵ دامودەزکا فەرمیەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان وە دەدەینە سەرۆکایەتی حکومەت و هەرێم و پەرلەمان و وەزارەتی ناوخۆ و دامودەزگاکانی ئەمنی کە وەڵامیان هەبێت بۆ ڕاپۆرتەکانی پێشێلکاری کە لە ماوەی ساڵی 2020 دا ڕوویانداوە."

سەبارەت بە پرسی ڕاگرتن پەخشی کەناڵ و داخستنی دەزگا میدیاییەکان لە هەرێمی کوردستاندا نیان ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری گشتی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری بە دەنگی ئەمەریکای وت" لە ڕێنماییەکانمان داخستن نییە تەنها ڕاگرتنە، یەکەمجار ئاگاداردەکرێنە بۆ ماوەی 24 سەعات و دوایی ئەگەر دووبارە بووە دەکەین بە 48 سەعات کە ئاگاداریان دەکەینەوە پاشان ئەگەر سەرپێچیان کرد لە بڕیارەکانی ئێمە ئەوکات بۆ ماوەی هەفتەیەک ڕادەگرین، داخستن ئەوەیە کە بەتەواوەتی دابخرێت ولۆگۆکانیان لێ وەربگیرێتەوە تەواو ئەو شوێنە کۆتایی پێ دێت."

جێی باسە بەپێی ڕاپۆرتی پێشێلکاری لیژنەی داکۆکی لە ئازادی ڕۆژنامەنووسی و مافی ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستاندا، جۆری پێشێلکاریەکان پێکهاتبوون لە دەستگیرکردن و ڕێگەنەدان بە ڕووماڵ و هێرش و سوکایەتی و لێدان و وەرگرتنی بەڵێننامە و تۆمارکردنی سکاڵا لە دژیان و هەڕەشە و داخستنی نوسینگە و کەناڵ.

XS
SM
MD
LG