Accessibility links

شەڕەکەی نێو هۆڵی پەرلەمان لە زاری ئەو دوو ژنە پەرلەمانتارەی کە بەریەککەوتنیان لەگەڵ یەکترهەبووە


پەرلەمان

پاش ئەوەی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان متمانە بە کەمال ئەتروشی کاندید بۆ پۆستی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان درا و ناوبراو بە دەنگی 81 پەرلەمانتار بوو بە وەزیری سامانە سروشتیەکان، گرژی و ئاڵۆزی و شەڕ لە نێو هۆڵی پەرلەمان ڕوویدا.

موژدە مەحمود پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ دەنگی ئەمەریکا وەها باسی ڕووداوەکە دەکات و دەڵێت " بەچەند پەرلەمانتارێک بە بۆکس و خەنجەر و مست و شەق هێرشیان کردە سەرمان پەلاماریانداین لەبەر ئەوە ئێمە گوتمان وەزیر ڕایکرد ئێمە پرسیارمان لێی هەبوو مادام ئەو شارەزای نەوتە بزانین پلانی وەزارەتەکەی چییە بەتەمای چییە لەسەر ئەوە فڕاکسیۆنی پارتی پەلاماری ئێمەیان دا و بە دوو سێ پیاو لەسەری منیان داوە و حەسیبە گەردیش بە قژ لە دواوە منی ڕادەکێشا بەدوای خۆیدا، ئەوەندە سەرم ئازاری پێگەیشتووە لەوانەیە زیاتر لە پەنجا بۆکس بەر سەرم کەوتبێ لەبەر ئەوە ئێمە ئەو ڕۆژە گلەییمان هەبوو کە بەرنامەی کار لە خزمەتی حکومەتە و داوامکرد بۆ گیانی ئەو شەهیدانە بە پێوە بوەستن و فاتیحە بۆ ئەو گەنجانەی کە لەسەر شەقام بە ناحەق شەهید کران کە شەهیدی نان وئازادین و ئیتر داخی ئەو شتانە بوو رێک پەلاماریان داین ڤیدیۆکان ماون و دەنگ هەیە و ئێمە دەنگەکانیشمان بڵاوکردووەتەوە لەسەر ئەو شتانە بوو پەلاماریان داین، سەرم هەمووی تەقیوە و زۆر ئازارم پێگەیشتووە و لە ئێستادا لە دکتۆر دێمەوە و سیپان ئامێدی بە بۆکس خەنجەر لێیان داوە و ناو چاوی تەقیوە."

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی بە حەسيبە گەردی ئەو ئەندام پەرلەمانەی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد کە موژدە مەحمودی پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ تاوانباری دەکات بەوەی کە لە دواوە قژی ڕاکێشاوە و پەلاماریان داوە.

لای خۆیەوە حەسێبە گەردی ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی ئەو ڕووداوە و قسەکانی پەرلەمانتارەکەی فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ گوتی " پەرلەمان و سەرۆکایەتی پەرلەمانمان هەیە و ڤیدیۆ و دەنگ هەن، هەر کەسێک گوێی لە قسەکانی موژدە گرتبێت هیچم نەکردووە هەر کەسێک لە شوێنی من بووایە خراپتری دەکرد، تەنها مافێکی موژدە بوو پێمدا موژدە دەزانێت چیم پێ ووتوە و چیم کردووە، لەسەر خاڵێک مافی خۆی وەرگرتووە هێشتا بە دروستی وەری نەگرتووە، هەر فعلێک رەد فعلی هەیە و دەستپێشخەر ئەوان بوون و وەڵامی خۆیشیان وەرگرتووە، هیچ نەفەسێک لە نەفەسی فڕاکسیۆنی پارتی درێژتر نەبووە بۆ ئەو گەنگەشە و جەنجالیەی لە هۆڵی پەرلەمان دەکرێت و ئێمە پشوو درێژیمان هەڵبژاردووە بەڵام چیتر رێگە نادەین ئەو پیرۆزیانەی کە بە خوێن دەستمان خستووە، مراهقێک بێتە هۆڵی پەرلەمان بە دوو وشە خەڵک بێنێتە سەر شەقام خەڵکی بێتاوان خەڵکی ئێمە ئەوانەی موستەحەقن بە ئیسلوبێکی هێمنانە خۆپێشاندان دەکەن ئەوان لە پشتەوە دەبنە لایەنێکی تێکدەر لەگەڵ کۆمەڵێک لایەنی نا کوردستانی دەستی خۆیان تێکەڵکردووە و هەرجار ئاراستەی خۆپێشاندانەکان لادەدەن ئەمەش هۆکارێک بووە کە بەرپەرچ دانەوەم هەبووە و ئەمەش شتێکی باش بووە، تا ئیستا ئەوان نەیانتوانیوە لەم سێ ساڵەنەدا یەک ڕۆژ ڕێز لە یاسا بگرن و یاسا بە سەروەر ببینن و هەمیشە یاسایان پەردەپوش کردووە بۆ ئەوەی هەرچی تاوان و وێرانکاری ئەنجام بدەن و لەچوارچێوەی یاسا پارێزبەندی لە خۆیان حەشار بدەن، دەبێت ئەوان داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان بکەن و بگەرێنەوە سەر ئەو سیلسیلەی کە ئۆپۆزسیۆن چییە و پێناسەی ئۆپۆزسیۆن بخوێنن و ئینجا ئەوکات بگەرێنە ناو پەرلەمان و بڵێن ئێمە ئۆپۆزسیۆنین."

لای خۆیەوە دکتۆر ڕێواس فایەق سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا دەڵێت" کۆی ڕووداوەکە مایەی نیگەرانی هەموومانە و داوای لێبوردن لە هەموو ئەوانە دەکەم کە زیانیان بەرکەوتووە لەو پرۆسە و کردەوەیە، دەمەوێ یەک حەقیقەت بۆ ڕای گشتی بڵێم هەموو جارێک وەکو سەرۆکی پەرلەمان تەحەمولی ئەو هەموو زوڵمە دەکەم کە لێم دەکرێت لەکاتێکدا دەڵێن سەرۆکی پەرلەمان ناهێڵێ قسە بکات من وێنە گەورەکەی ناو هۆڵی پەرلەمان دەبینم ئەزانم ئەگەر دەرفەت بدەم هەموو ڕۆژی ئەو جۆرە شەڕە ڕوودەدات، هەفتەی داهاتوو سەرۆک فڕاکسیۆنەکان کۆدەکەینەوە دەبێت لەسەر میکانزمێک ڕێکبکەوین بۆ کەمکردنەوەی گرژیانەی ناو پەرلەمان ڕوودەدات."

جێی باسە ئەو گرژی و ئاڵۆزیەی نێو هۆڵی پەرلەمان بەپێی پەرلەمانتاران لە نێوان بەشێک لە پەرلەمانتارانی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ ڕوویداوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:40 0:00


XS
SM
MD
LG