Accessibility links

متمانەدان بە وەزیری نوێی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە


ڕۆژی چوارشەممە بۆ متمانە دان بە کەمال ئەتروشی کاندیدی راسپێردراو بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، بە دەنگی 81 پەرلەمانتار لەکۆی 101 پەرلەمانتاری ئامادەبوو کەمال ئەتروشی بوو بە وەزیری نوێی سامانە سروشتیەکان.

پاش ئەوەی کە کەمال ئەتروشی دەنگی پێویستی هێنا و بوو بە وەزیری سامانە سروشتیەکان سوێندی یاسایی بەم شێوەیە دەخوات و دەڵێت” من دکتۆر کەمال عەبدولحەمید ئەتروشیمە بەخوای گەورە سوێند دەخوم کە بە دڵسۆزیەوە پاریزگاری لە یەکێتی گەل و خاکی کوردستانی عێراق بکەم و ڕێز لە یاسا ڕەچاوکراوەکان بگرم."

عوسمان کانی کوردەیی پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ دەنگی ئەمەریکا گووتی " ئێمە وەکو فڕاکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی دەنگمان بەهیچ کاندیدێکی ئەم حکومەتە نەداوە لەبەر ئەوەی ئێمە هێزێکی ئۆپۆزسیۆنین و پێمانوایە ئەو داخوازیانەی خەڵک و هاوڵاتیانی کوردستان بەم شێوازە جێبەجێ ناکرێت، ئەو قورخکاریەی کەوا لەم دەسەڵاتەدا هەیە تەنها بەرژوەندی تەسکی حزبی دەکات و پێمان وایە هاوڵاتیان زەرەرمەندی یەکەمن پاشان هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن لەو حکومەتەدا بۆیە دەنگمان بەهیچ کاندیدێکی ئەم حکومەتە نەداوە و بەهەمان شێوە ئەم وەزیرە بەڕێزەش ئێمە دەنگی پێ نادەین لەبەر ئەوەی چەندین یاداشت و پڕۆژەمان پێشکەشکردووە لەسەر پرسی مووچە و پاشکەوتی مووچە و ئەم هەموو قەیرانەی کە لە کوردستان هەبووە تا ئێستا سەرۆکایەتی پەرلەمان وەڵامی یەک یاداشتی نەداوەتەوە بۆیە بەداخەوە ئەو خەمو و دڵسوزیەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان تەنها بۆ تەمشیەکردنی کابینەکەی ئەم خولەیە."

بەپێی چاودێرانی سیاسی و پەرلەمانتاران چەندین جار رێککەوتن لە نێوان حزبەکان دەکرێت لەسەر پرسە جیاوازەکان بۆ متمانە وەرگرتن لەنێو پەرلەمان پێویستیان بە دەنگی پەرلەمانتاران دەبێت بەڵام زۆرێک لە پەرلەمانتاران پابەندی ئەو رێککەوتنەی نێوان حزبەکانی خۆیان و حزبی تر نابن.

دیاری ئەنوەر پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی سەربەخۆ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ دەنگی ئەمەریکا گووتی " هەر ئەندامێکی پەرلەمانی ئەم کوردستانە و هەموو جیهان لە کاتێکدا زانیان بڕیاری حزبەکەی بڕیارێکی دروست نییە و لەبەرژەوەندی خەڵکەکەی نییە و نەچووە ژێر باری ئەو بڕیارە دەستخۆشی لێ دەکەم و پێموایە ئەمە مۆدێلێکی زۆر تازە و زۆر باشە، حزب تا ئەو کاتەی دەتوانێت لەگەڵیدا بیت و گوێی لێ بگریت کە بڕیار و هەنگاو و دیسپلینەکەی لە خزمەتی بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان و ئەو هاوڵاتیانە بێت کە دەنگیان بەو حزب و کاندیدانە داوە و پێموایە ئەو بڕیارە بڕیارێکی دروستە و دەکرێت ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان هەرکاتێک زانیان بریارێک هەیە لەسەرکردایەتی حزبەکان لەبەرژەوەندی هاولاتیانی هەرێمی کوردستان و خەڵک نییە لەگەڵی نەبن و ئێمەش بەهیچ جۆرێک لەگەڵ ئەوەنیین نە متمانە بدەین بەو وەزیرە و نە متمانەمان داوە بەکابینەکەی و پێمان وایە شتی دیکەی گرنکتر هەیە دەبێت پەرلەمانی کوردستان لەسەر بژێ و و مووچە و گوزەرانی خەڵک و ئازادی ڕۆژنامەوانی و هەموو ئەوانە کۆببێتەوە."

سەبارەت بەو کۆبوونەوەیەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەبارەی متمانەدان بە وەزیری نوێی سامانە سروشتیەکان

وەیسی سەعید وەیسی ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" ئەمەی ئەمڕۆ کە کراوە بە دەستنیشانکردنی وەزیری سامانە سروشتیەکان کارێکی زۆر گرنگە و ڕێژەی یاسایی ئەنجومەنی وەزیران پڕدەکرێتەوە چونکە بۆشاییەک هەبوو و لەهەمانکاتدا بەپێی ئەو زانیاریەی کە هەمانە و سیڤی وەزیری سامانە سروشتیەکان لەبەردەستمانە کەسێکی پڕۆفێشناڵ و شارەزای بواری نەوتە بۆیە بەدڵنیاییەوە دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی زیاتر ئەم وەزارەتە بەرەو پێش ببات و ئەمەش دەبێتە هۆکارێک کە زیاتر داهاتی هەرێم کە لەم قۆناغەدا زۆر گرنگە بەرەو پێش ببات و بەدڵنیاییەوە چاوەڕوانیەکی زۆر لە وەزیری سامانە سروشتیەکان دەکەین."

سەبارەت بەوەی کە چی پێویستە بکرێت بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک بەهۆی نەوتی هەرێمەوە و هەروەها بە دانانی وەزیری سامانە سروشتیەکان لەم کابینەیەدا چوون دەتوانرێت ژیانی فەرمانبەران و خەڵکی بەگشتی بگۆڕێت؟

بیلال سەعید سەرۆکی ئینستیوتی ئابوری بە ژمارە لەو بارەیەوە بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" دانانی وەزیر بۆ خودی خۆی پرۆسەیەکی سیاسی، ئیداری، یاساییە، ئەوەندە ڕاستەخۆ لەوانەیە کاریگەری و دەرهاوێشتەیەکی نەبێت لەوەی بڵێن لە فلان شوێن کاریگەری و دەرهاوێشتە لەسەر فەرمانبەر دروست دەکات بەڵام خودی خۆی و دانان و گۆڕانکاریەکان لەو چوارچێوەیەی کە ئەم بەڕێزە بۆ خۆی پسپۆریەکی هەیە لە دۆسیەی نەوتدا دەکرێت بکەینە دەرچە و دەرگایەک بۆ پەرەپێدانی زیاتری سێکتەری نەوت بۆ شەفافکردنی دۆسیەی نەوت و دەکرێت میکانیزمی باشتر و چاکتر بدۆزرێتەوە بەڵام بەو مەرجەی کە حزب تەداخول نەکات و ڕۆڵی هێزە سیاسیەکان لە چوارچێوەی چاودێریکردن و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی حکومەت بن نەک لە لەمپەر دانان و دەستخستنە نێو کایەکانی ئابوری کە لە ڕاستیدا لە قۆناغی ڕابردوو بەم شێوە و میکانیزمە بووە ئەگەر توانرا بەو ئاراستەیەو بە هەماهەنگی دامەزراوەییکردنی ئەو دۆسیانە دەست پێ بکات خودی وەزیر دەتوانێت هەنگاوێکی باش و ئیجابی بباتە پێشەوە لەم قۆناغە."

لە لایەکی ترەوە هەر سەبارەت بە پرسی متمانەدان بە وەزیری نوێی سامانە سروشتیەکان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و هەڵویستی فراکسیۆنی گۆڕان لەمەڕ ئەو پرسە

گوڵستانسەعید سەرۆکی فڕاکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانلە پرێس کۆنفرانسێکدا دەڵێت " ئێستا ئەم کاندیدەی هاتووەتە پەرلەمانی کوردستان کاندیدێکە خاوەنی ئەزمونە و خاوەنی بڕوانامە و پسپۆری تایبەتی خۆیەتی لە بواری نەوتدا، بۆیە ئێمە بەگرنگی دەزانین گۆڕانکاری بکرێت لەو پۆستەدا، ئێمە وەکو بزووتنەوەی گۆڕان هەموومان ئاگادارکراوینەتەوە هەر دوازدە پەرلەمانتارەکەی گۆڕانپابەندی بریاری بزووتنەوەی گۆڕانبین و دەنگ بدەین بە کاندیدی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان هەرکەسێک کە پابەند نابێت واتا هەم پابەند نابێت بە گۆڕانەوە و هەم پابەند نابێت بەو رێککەوتنامەیەی کە بزووتنەوەی گۆڕان لەسەرەتای دەست بەکاربوونی ئەم کابینەیە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان رێککەوتووە لەسەر مەسەلەی چاکسازی."

پرسی نەوت چەندین ساڵە لە لایەن هاوڵاتیان و چین و توێژی جیاجیا و پەرلەمانتارانەوە بابەتی گەرمی ناوچەکەیە و بەردەوام باسی لێوە دەکرێت

عەلی مەحمود سەرۆکی هەڵمەتی دادپەروەری بەدەنگی ئەمەریکا دەڵێت” بە دانانی وەزیری سامانە سروشتیەکان هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت دەکرێت لەڕووی تەکنیکیەوە هەندیک داهات زیاتر بکرێت بەڵام پێویستە تەواوی چاڵە نەوتیەکان و بەرهەمی نەوت و خاڵە سنوریەکان و سیستەمی باج زۆر گرنگە باج بە پێی داهات زیاد بکرێت لەسەر دەوڵەمەندەکان، ئێمە پێویستمان بە دادپەروەریە پێویستمان تەنها بە چاکسازی نییە ئەگەر بریار وایە هەموو ئومێدێکی خۆمان لەسەر وەزارەتی نەوت دابنێین ئەوە شکست دێنین."

جێی باسەژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمان لە فڕاکسیۆنەکانی کۆمەڵ و یەکگرتوو و نەوەی نوێ و گۆڕان و سەربەخۆ دەنگیان بە وەزیری نوێی سامانە سروشتیەکان نەدا.

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:39 0:00


XS
SM
MD
LG