Accessibility links

کۆریای باشور داوای کەشتییەکەی لە ئێران دەکاتەوە


وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشور داوای کردووە بە زوویی کەشتیە نەوت هەڵگرەکەی لە ئاوی کەنداودا ئێران دەستی بەسەردا گرتووە ئازاد بکرێت و تاران دەڵێت ئەو کەشتییە پێشێلی یاسا ژینگەییەکانی دەریای کردووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوردا پارێزراوی تاقمی کەشتیەوانەکان پشتڕاست کراوەتەوە.

دەستبەجێ پاش ئەوەی ڕاپۆرتەکانی لەسەر دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکە بە دەست گەیشتبوو؛ سیۆڵ هێزی دژە چەتەی دەریایی نارد بەرەو کەنداو، وەک لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگری کۆریای باشوردا ئاماژەی پێکرابوو.

ئەم هەواڵی دەستبەسەردا گرتنی کەشتیەش لە کاتێکدایە، پشێوی و ئاڵۆزییەک لە ناوچەکەدا سەریهەڵداوەتەوە، بەتایبەتی کە ئێران ساڵیادی یەکەمی کوژرانی ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی دەکاتەوە.
سولەیمانی لە هێرشێکی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکادا کوژرا لە مانگی یەکی ساڵی 2020دا.

سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەڵێت لە ئاوی کەنداودا دەستی گرتووە بەسەر کەشتی هانکوک چیمی، کە ئاڵای کۆریای باشوری هەڵکردبوو، بەهۆی ئەوەی وەک دەڵێت "دووبارە کردنەوەی پێشێلکردنی یاسا ژینگەییەکانی دەریا."

پاسداران دەڵێت کەشتییەکە 7200 تۆن بەرهەمی کیمیایی نەوتی هەڵگرتووە.

پاسدارانی سۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ماڵپەرەکەی خۆی نوسیویە، تاقمی کەشتیوانەکەش هاوڵاتییانی کۆریای باشور و ئیندۆنیسیا و ڤیەتنام و میانمارن.

لەو ڕاگەیاندراوەی پاسداراندا هیچ ئاماژەیەک نەکراوە بەوەی کەشتییەکە لە کوێدا دەستی بەسەردا گیراوە و یانیش گواستراوەتەوە بۆ کوێ.

XS
SM
MD
LG