Accessibility links

لە ئەستانبوڵ ناڕەزایی دەردەبڕدرێت دژ بە بڕیارێکی ئەردۆغان


سەدان کەس لە شاری ئەستانبوڵ خۆپیشاندانیان کردووە دژی ئەوەی وەک دەڵێن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا بۆ مەبەستی سیاسی کەسێکی وەک سەرۆکی زانکۆیەکی ناوداری وڵاتەکە دەستنیشان کردووە.

پەیامنێرێکی ئاژانسی دەنگ و باسی فڕانس پرێس وەهای مەزەندە کردووە زیاتر لە یەک هەزار کەس بەشدارییان لەو خۆپیشاندانەی ئەمڕۆ دووشەممەدا کردووە و دەشڵێت دەیان ئەفسەری پۆلیس لە شوێنی خۆپیشاندانەکە بوون و تەنها چاودێری ڕەوشەکەیان کردووە بەبێ هیچ دەستێوەردانێک.

دوابەدوای بڕیارەکەی ڕۆژی یەکی ئەم مانگەی سەرۆکایەتی تورکیا بۆ دانانی مەلیح بولو، وەک سەرۆکی نوێی زانکۆی بوغازچی، توڕەیی و ناڕەزایی دروست بوو.

مەلیح، لە ساڵی 2015دا کاندید بووە بۆ هەڵبژاردن لەسەر لیستی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا کە ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات.

لەم خۆپیشاندانەی دەرەوەی زانکۆکەدا، خوێندکارانیش بەشداربوون تیایدا و ناڕەزاییەکانیشیان لە دژایەتیکردنی "دەستێوەردانی سیاسییانەوە" سەرچاوەی گرتبوو.

خۆپیشاندەران ژمارەیەک دروشمیان دەگوتەوە، لەوانە "سەرۆکێکی دەستنیشانکراوی زانکۆمان ناوێت" و "مەلیح دەست لە کار بکێشەرەوە" هەندێک لە خۆپیشاندەرانیش دروشمی نوسراویان هەڵگرتبوو، وەک "ئێمە مافمان دەوێت، بۆچی ئەو هەموو پۆلیسە" یان "مەلیح بۆڵو ناتوانێت ببێتە سەرۆکی زانکۆی بوغازچی"

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، دەسەڵاتی دانانی ڕاستەوخۆی سەرۆکی زانکۆکانی وەرگرت پاش ڕزگاربوونی لە کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ساڵی 2016 و ئەمەش یەکەم جار نییە لەسەر دانانی کەسێک بۆ سەرۆکایەتی زانکۆی بوغازچی، مشتومڕی لێبکەوێتەوە.

لە ساڵی 2016شدا کاتێک پرۆفیسۆر موحەمەد ئۆزکان بۆ سەرۆکایەتی ئەو زانکۆیە دەستنیشان کرا، ناڕەزایی خوێندکاران و ئەکادیمیاییەکانیشی لێکەوتەوە.

بەر لە مانگی 7ی ساڵی 2016، لە ڕێی هەڵبژاردنەوە سەرۆکی زانکۆکان لە تورکیا دادەنران.

سیلین، خوێندکارێکی بەشداری خۆپیشاندانەکەی ئەستانبوڵ بە پەیامنێرانی وتووە "زانکۆ لە سەرو ئایدیۆلۆژیاوەیە و دانانی سەرۆکی زانکۆکەمان وەک بەرەنگاربوونەوەی خواستی ئەندامانی زانکۆ، هەنگاوێکی سیاسییە."

کۆمەڵەیەکی خوێندکاران بەناوی "هاوسۆزانی بوغازچی" لە تۆڕی کۆمەڵاتی تویتەر نوسیویەتی "هاوکاتی خۆپیشاندانەکە دوو کەس دەستگیرکراون."

زانکۆی بوغازچی، لە ساڵی 1863دا دامەزراوە و پێشتر بە ناوی کۆلیژی ڕۆبێرت ناسراو بووە و یەکەمین زانکۆی ئەمەریکاییشە لە دەرەوەی ئەمەریکا دابمەزرێت.

لە ساڵی 1971دا ناوەکەی گۆڕا، کاتێک ئەو زانکۆیە درایە دەست تورکیا و بەناوی شوێنەکەیەوە ناوی لێنرا، کە دەیڕوانی بەسەر ڕووباری بسفۆڕدا، ناوە تورکییەکەی بوغازچییە.

XS
SM
MD
LG