Accessibility links

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم پشتڕاستی دەکاتەوە ئێران بە ڕێژەی 20% یۆرانیۆم دەپـیتێنێت


دیمەنێکی دامەزراوەی ناوکی فۆردۆ لە ئێران

ئاژانسی نێودەوڵەتی ئەتۆم پـشتڕاستی کردەوە ئێران دەستیکردووە بە پـیتاندنی یۆرانیۆم بە ڕێژەی 20%.

پـێشتر ئەمڕۆ دووشەممە ئێران ڕایگەیاند دەستیکردووە بە پیتاندنی یۆرانیۆم تا ڕێژەی لە سەدا بیست لە دامەزراوەیەکی ناوکی ژێر زەمیندا و ئەمەش هەنگاوێکە بۆ نزیک بوونەوە لەو جۆرە پیتاندنەی بۆ دروستکردنی چەکی ناوەکی بەکاردەهێنرێت.

ڕاگەیاندنی ئەو پیتاندنە لە دامەزراوەی فۆردۆ هاوکاتە لەگەڵ ترس و نیگەرانی کاربەدەستانی ڕۆژئاوایی، لەسەر ئەگەری دەستبەسەردا گرتنی کەشتییەکی نەوت هەڵگر.

ئەم هەواڵانەش هاوکاتن لەگەڵ گەرمتربوونی پشێویەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە کاتێکدا سەرۆک ترامپ نزیکەی 15 ڕۆژی ماوە لە ئۆفیسدا.

سەرۆک ترامپ، تاکلایەنە ئەمریکای کشاندەوە لە ڕێککەوتنە ناوکییەکەی لەگەڵ ئێراندا مۆرکرابوو.

تەلەفیزیۆنی دەوڵەتی ئێران لە زاری عەلی ڕابیعی، وتەبێژی حکومەتی ئێرانەوە دەڵێت "حەسەن ڕۆحانی، سەرۆکی ئێران فرمانی پیتاندنەوەی یۆرانیۆمی داوە لە دامەزراوەی فۆردۆدا."

10 ساڵ لەمەوبەر، بڕیارێکی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم تا ڕێژەی لە سەدا بیست، خەریک بوو ببێتە مایەی هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران، هەر بۆیە بە دوور نازانرێت ئەم بڕیارەی ئێستای ئێران ببێتەوە مایەی دووبارەبوونەوەی هەمان سیاسەت.

ئێران لە هەفتەی ڕابردوودا، دەزگای نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی ئاگادارکردۆتەوە لەوەی ئەم هەنگاوی دەنێت.

هەر ئەمڕۆ دووشەممە، نیگەرانییەکان زیادیان کردووە سەبارەت بەوەی کەشتیەکی نەوت هەڵگربە ئاڵای کۆریای باشورەوە لە لایەن تارانەوە دەستی بەسەردا گیرابێت.

کەشتییەکە لە ڕێدا بووە بەرەو میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و چۆتە ناو سنوری ئاوی ئێرانەوە و کۆمپانیایەکی ئاسایشیش دەڵێت ترسی لەوە هەیە دەستی بەسەردا گیرابێت.

وێنەکانی لە سەتەلایتەکانەوە وەرگیراون و "مەرین ترافیک" لە ماڵپەڕەکەی خۆی دایناون، نیشانی دەدات کەشتی (ئێم تی هانکوک چیمی) پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە گەیشتۆتە بەندەر عەباس، بەبێ ئەوەی هیچ ڕاڤەکردنێک لەسەر وێنە سەتەلایتیەکان بدرێت. کەشتییەکە لە عەرەبستانی سعودیەوە چووە بەرەو بەندەری فوجەیرە لە میرنشینەکان.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە خاوەنەکانی کەشتییەکە هیچ تێبینییەکیان نەداوە.

کۆماری ئیسلامی ئێرانیش شوێنی کەشتییەکەی ئاشکرا نەکردووە.

XS
SM
MD
LG