Accessibility links

توندوتیژییەکان لە سوریادا


ژمارەیەک چەکدار بەلانی کەم 15 کەسیان لە سوریادا کوشتووە و زۆربەشیان سەربازی حکومەتی سوریان.

کوژراوەکان لەناو پاسێکدا بوون و ئەمەش دووهەم بۆسە نانەوەی هاوشێوەیە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا، وەک ڕێکخراوی سوریایی ڕوانگە، بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاندووە.

لەو بۆسەیەی درەنگانێکی دوێنی یەکشەممەدا، 8 سەرباز و 4 چەکداری پشتیوانی هێزەکانی حکومەتی سوریا و 3 کەسی سیڤیل کوژروان، بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی ڕوانگە، بنکە لە لەندەن.

لەگەڵ ئەوەشدا کە تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لەو بۆسە نانەوەیە ڕانەگەیاندووە، بەڵام ڕوانگە دەڵێت لۆمەکە لە ئەستۆی ڕێکخراوی تێرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامییە.

15 کەسی تریش بریندارن لە ئاکامی ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر ئۆتۆمبێل و ماشێنە بار هەڵگرەکانی سوتەمەنی لە ناوچەی وادی ئەلعەزب لە هەرێمی حەما.

سانا، ئاژانسی فەرمی دەنگوباسی سوریا دەڵێت لەو هێرشە تێرۆرکارییەدا 9 کەس کوژراون و هەر هەمووشیان خەڵکی سیڤیل بوون.

لە هەفتەی ڕابردوودا و ڕۆژی 30 مانگی 12، تێرۆریستانی داعش، وەک خۆیان دەڵێن بۆسەیەکیان دانابووەوە و 37 سەربازی سوریاییان کوشتبوو.

ئەم ڕێکخراوە تێرۆریستییەی دەوڵەتی ئیسلامی فەرمانڕەوایەتی بەشێکی گەورەی سوریا و عێراقی دەکرد و لە ساڵی 2014دا دەوڵەتی خەلافەتی لەناو خاکی سوریا و عێراقدا ڕاگەیاند، دواتر هێرشەکانی هەردوو وڵات لەگەڵ هاوکارییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانانی بە سەرکردایەتی ئەمریکا، شکست بە دەوڵەتی خەلافەت هێنرا.

لە مانگی 3ی ساڵی 2019دا لە سوریا کۆتاییهاتنی داعش ڕاگەیەندرا، بەڵام هێشتاش خانە نوستوەکانی ئەم ڕێکخراوە تێرۆریستیە بەردەوامن لە هێرشکردن.

زیاتر لە 387 هەزار کەس کوژراون و بە ملیۆنان خەڵکیش ناچاربوون زێدی خۆیان جێبهێڵن لەوەتای ساڵی 2011وە کە شەڕی ناوخۆی سوریا دەستیپێکرد.

XS
SM
MD
LG