Accessibility links

ئێران 3 کەس لە سێدارە دەدات


دەسەڵاتی دادوەری ئێران دوو کەسی بە تاوانی "تێرۆر" لە سێدارە داوە و کەسێکی تریشی بە تاوانی "دزیکردن بە چەکەوە" سزای مردنی لەسەر جێبەجێکراوە.

بەپێی ماڵپەڕی میزانی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، ئەو 3 کەسە زوویەکی ئەمڕۆ یەکشەممە لە ناوچەی سیستان، لە هەرێمی بەلوجستان، سزای مردنیان لەسەر جێبەجێکراوە.

حەسەن دەهڤاری و ئیلیاس قەلەندەرزەهی، لە مانی 4ی ساڵی 2014دا دەستگیرکرابوون، وەک ئێران دەڵیت بڕێکی زۆری تەقمەنی و چەکیان پێبووە.

دەسەڵاتی دادوەری ئێران ئەم دوو کەسەی بە ڕفاندن و تەقینەوە و کوشتنی کارمەندانی هێزە ئاسایشییەکان و خەڵکی سیڤیل گوناهبارکردووە و دەشڵێت ئەم دوو کەسە ئەندامی ڕێکخراوی جیهادی جەیش ئەلعەدل (لەشکری دادوەریی)بوون.

ئەم ڕێکخراوە جیهادییە، لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا ژمارەیەک تەقینەوەی کردووە و هەروەها دەشگوترێت خەڵکی ئاست بەرزیشی لە ئێراندا ڕفاندووە.

ڕێکخراوی جەیش ئەلعەدل، بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشە خۆکوژییەکەی ڕۆژی 27ی مانگی 2ی ساڵی 2019 ڕاگەیاند کە ژمارەیەک لە ئەندامانی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی تیادا کوژران.

جەیش ئەلعەدل، لە ساڵی 2012دا دامەزراوە وەک جێگرەوەی ڕێکخراوی جوندوڵا، کە ڕێکخراوێکی تودڕەوی سوننە ئاینزا بوو، ئەم ڕێکخراوەش بۆ 10 ساڵ شەڕی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی دەکرد و پاش ئەوەی عەبدولمالک، ڕێبەری ڕێکخراوەکە دەستگیرکراو و لە سێدارە درا، بە ئاستێکی بەرز ڕێکخراوەکە لاواز بوو.

کەسی سێهەم ناوی ئومێد مەحمودزەهی بوو، وەک ماڵپەڕی میزان دەڵێت، بە تاوانی دزیکردن بە چەکەوە و بە کوشتنی خەڵکی سیڤیلیش گوناهبار کرابوو.

لە کۆماری ئیسلامی ئێران، زۆر جار تاوانی ئاسایشی نیشتمانی دەدرێتە پاڵ جودابیران و نەیارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەپێی یاساکانی ئێرانیش سزای مردن دەسەپێندرێتە سەریان.

XS
SM
MD
LG