Accessibility links

ژمارەیەک شیعە ئاینزا لە پاکستان دەکوژرێن

کاربەدەستێک لە پاکستان دەڵێت، ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردۆتە سەر کرێکارانی کانە خەڵوزییەکان و پاش ڕفاندنی کرێکارەکان کە لە کەمایەتی شیعەکانن لە هەرێمی بەلوجستان، ئەوجا کوشتویانن.

موعەزەم عەلی، یەکێکە لە کاربەدەستانی هێزی لیفیز کە وەک پۆلیس و هێزی نیمچە لەشکرییە لەو ناوچەیەدا دەڵێت ئەو هێرشەی زوویەکی ئەمڕۆ یەکشەممە لە نزیک کانە خەڵوزی ماش ڕوویداوە و 48 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی کویتا پایتەختی هەرێمەکەوە دوورە.

موعەزەم دەڵێت "هێرشبەرەکان کرێکارەکانیان بردووە بۆ شاخەکانی نزیک ناوچەکە و لەوێ تەقەیان لێکردوون." و دەشلێت 6 کرێکاریان دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە و 5 کرێکارەکەی تریشیان لە ڕیدا بەرەو نەخۆشخانە بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی لێکۆڵینەوە بەراییەکان، هێرشبەرەکان کرێکارەکانی کانە خەڵوزییەکانیان ناسیوە و زانیویشیانە ئەو ژمارەیەیان لە شیعە ئاینزاکانن و لە تیرەی هەزارەن و دووریان خستونەتەوە و کوشتویانن و کرێکارەکانی تریان جێهێشتووە.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشە ڕانەگەیاندووە، بەڵام ڕێکخراوی سەربازی جەنجەوی کە ڕێکخراوێکی سوننە ئاینزای توندڕەوە و قەدەغەکراویشە، پێشتر تیرەی هەزارەی شیعەکانی کردۆتە ئامانجی هێرشەکانی.

دیمەنە ڤیدیۆییەکان لە تەلەفزیۆنە خۆجێیەکاندا، نیشانیان داوە هێزە ئاسایشییەکان گەمارۆی ناوچە شاخاویەکانیان داوە و ئەمبۆلانسەکان و ماشینی تریش دەچوون بەرەو ئەو ناوچەیە بۆ هەڵگرتنەوەی تەرمەکان. هێزە ئاسایشییەکان لەناو شاخەکاندا دەگەڕێن بە شوێن گومانبارەکانی ئەو هێرشەدا.

لە هەرێمی بەلوچستان، جوداییخوازانی هەرێمەکە یاخیبوون و سەرهەڵدانیشیان هەیەو زۆر جار کرێکارانی خەڵکی بەلوجستان نین، کوشتویانن، بەڵام هیچ ڕاپۆرتێک لە ئارادا نییە سەبارەت بەوەی جوداییخوازانی بەلوجستان هێرشیان کردبێتە سەر کەمایەتی شیعە ئاینزاکان.

This item is part of
XS
SM
MD
LG