Accessibility links

ساڵیادی کوژرانی سولەیمانی و ئەلموهەندیس لە عێراق


هەزاران هاوڵاتی عێراقی دروشمی دژە ئەمەریکایان دەگوتەوە لە یەکەمین ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی ئەلموهەندیسدا.

سولەیمانی و موهەندیس، لە ئاکامئی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکادا کوژران.

ئەم ساڵیادەی کوژرانی سولەیمانی و موهەندیس "ئەمەریکا و ئێرانی گەیاندە لێواری شەڕ" لە ئێرانیش کراوە و هەروەها لایەنگرانی ئێرانیش لە سوریا و لوبنان و یەمەن و شوێنەکانی تریش یادەکەیان کردۆتەوە.

ساڵیادی کوژرانی سەرکردەکانی شیعەکان، جارێکی تریش پشێوی و ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا گەرم کرد لە کاتێکدا سەرۆک دانۆڵد ترامپ هەر تەنها چەند هەفتەیەکی ماوە لە کۆشکی سپی.

سەرۆک ترامپ بڕیاری کوشتنی سولەیمانی دابوو.

لە عێراق، هێزە نیمچە لەشکرییەکانی حەشدی شەعبی کە خاوەنی دەسەڵاتن و ئێران پشتیوانییان لێدەکات و پێشتر ئەبو مەهدی ئەلموهەندیس سەرکردەیان بوو، لە پێشەنگی دەربڕینی ناڕەزایی و توڕەییدا بوون لە بەرامبەر کوژرانی ئەلموهەندیس و هەروەهاش قاسم سولەیمانی، سەرکردەی هێزەکانی قودس، سەر بە پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران.

بە هەزاران کەسی ڕەش پۆش، شەوی ڕابردوو لەو شوێنەی نزیک فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی بەغدا گردبووبوونەوە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە لەو دوو ئۆتۆمێلەی دابوو و سولەیمانی و ئەلموهەندیس و 8 کەسی تریشی تیادا کوژران.

واشنتۆن، لۆمەی هێرشە موشەکییەکانی دەکرێنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و سەر هێزە عێراقییەکانیش لە ئەستۆی چەکدارەکانی حەشدی شەعبی دەنێت و ئەو هێرشانەش گرفتی بۆ موستەفا ئەلکازمی، سەرەک وەزیری عێراق دروست کردووە و حەشدی شەعبی بەوەش گوناهباری دەکات وەک حەشد دەڵێت "هاوکاری کردووە لە پیلانی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکەدا ."

ئەم کردەی کوشتنە جارێکی تریش بووە مایەی پشێوی و ئاڵۆزی سیاسی لە عێراقی بە شەڕ وێرانبوودا، هاوکاتی قەیرانی ئابوری و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.

وێنەی گەورە گەورەی سولەیمانی و موهەندیس لە مەیدانی تەحریری بەغدا هەڵواسراون، ئەو مەیدانەی لە مانگی 10ی ساڵی 2019وە بۆتە نێوەندی شەپۆلی ناڕەزایی دژ بە حکومەت.

لە نێوەندی ئەم پشێویانەدا، عێراقییەکان و زۆربەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بە وردی لە تەواوی ئاماژەکان دەڕوانن بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا بەر لەوەی سەرۆک ترامپ ڕۆژی 20ی ئەم مانگی یەکە کۆشکی سپی جێبهێڵێت.

سەرۆک ترامپ لەم ماوەیەی ڕابردوودا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیبووی " زۆر قسە دەکرێت لەسەر هێرشکردنی زیاتر بۆسەر ئەمریکاییەکان لە عێراقدا." سەرۆکی ئەمریکا ئاگاهیشی داوە بەوەی وەک دەڵێت "ئەگەر ئەمەریکاییەک لە عێراق بکوژرێت، ئەوا ئێران بە بەرپرسیار دادەنێم."

XS
SM
MD
LG