Accessibility links

دانوستاندنی نێوان تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستان دەستپێدەکاتەوە


گەڕێکی نوێی وتووێژەکان لە نێوان تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستان ڕۆژی سێشەممە لە وڵاتی قەتەر دەستپێدەکاتەوە.

دەستپێکردنەوەی ئەم دانوستاندنە ئاشتیانەیە لە نێوەندی هەروادێ و زیاتربوونی توندوتیژیەکانە و هەروەها هاوکاتیشە لەگەڵ کوژرانی ژمارەیەک لە کەسایەتییەکانی ئەفغانستان لەم ماوەیەی ڕابردوودا.

دانوستاندنی چەند مانگی ڕابردووی نێوان نوێنەرانی حکومەت و تاڵیبان ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە، بەڵام دەکرێت بگوترێت هەردوولا پێشکەوتنێکیان بەدەستهێنا بەوەی هەر هیچ نەبێت ڕێککەوتون لەسەر ئەوەی لە دەسپێکردنەوەی وتووێژەکانیاندا، باس لە چ تەوەرێک بکەن.

نوێنەرانی حکومەتی ئەفغانستان جەخت لە ئاگربەستێکی هەمیشەیی دەکەنەوە و هەروەهاش پاراستنی حکومەتی وڵاتەکە.

حکومەتی ئەفغانستان لە ساڵی 2001دا دامەزرا، پاش ڕوخاندنی ڕژێمی تاڵیبانەکان لە ئاکامی ئەو هێرشانەی بەسەرکردایەتی ئەمریکا کرانە سەر ئەو وڵاتە، دوای هێرشە تێرۆرکارییەکانی 11ی سەپتێمبەر.

غولام فاروق مەجروح، یەکێکە لە نوێنەرانی حکومەت لەم دانوستاندنانەی لە قەتەر دەکرێن، بە ئاژانسی دەنگ و باسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە "وتووێژەکان زۆر ئاڵۆزن و کاتی زۆریشی پێدەوێت، بەڵام هیواداریشین بە زووترین کات بگەینە ئەنجامێک، چونکە خەڵک لەم شەڕە خوێناویە بێزار بوون."

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، تاڵیبان هیچ سەرنج و تێبینییەکی لەسەر دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان نەداوە.

لە مانگی 12ی ڕابردوودا دانوستاندکارانی هەردوولا بڕیاریاندا پشویەک وەربگرن پاش چەند مانگێک لەو کۆبوونەوانەی زۆربەی جار بە شکستخواردوو ناودێر دەکران بەهۆی ئەو ناکۆکییانەی لەسەر چوارچێوەی وتووێژەکان هەبوون و هەروەهاش لەسەر لێکدانەوە ئاینییەکان.

XS
SM
MD
LG