Accessibility links

ئایدن مەعروف: یەک لە کارە باشەکانی هەرێم ڕێککەوتنی نەوتی بووە لەگەڵ تورکیا


ئایدن مەعروف

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئاماژە بەوەدەکات بەشداری پێکردنی نوێنەری کەمایەتیە نەتەوەیی و ئاینیەکان لە هەرێمی کوردستان لەڕووی سیاسی و یاساییەوە گرنگە، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە بارودۆخی پێکهاتەکان لەهەرێم باشە، بەتایبەت لە پرۆسەی سیاسی دا بەشداریان پێکراوە و مافی خۆیان پێدراوە.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، دەڵێت"پێکهاتەکان لە چوارچێوەی یاسا و دەستوردا بەشداریان لە پرۆسەی سیاسی پێکراوە، ئەمە مافێکی ئاساییە و بەشداربوونیشمان گرنگە."

پەرلەمانی کوردستان کە لە 111 کورسی پێکهاتووە، 11 کورسیان بۆ پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکان دیاریکراوە، بەڵام زۆرجار لە کاتی توندبوونەوەی کێشمەکێشە سیاسیەکاندا، ڕەخنەی ئەوە دەگیرێت کە ئەو ژمارە کورسیە زۆرە بۆ پێکهاتەکان دیاریکراوە، لەو بارەیەوە ئایدن مەعروف، باسلەوەدەکات ئەو ڕەخنانە سیاسین، ناکرێت پێکهاتەکان وەکو کۆتا مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، چونکە بوونی نەتەوەیی جیاوازە لە سستمی کۆتا، جەختیکردەوە"مەسەلەی گرنگی پێکهاتەکان بە ژمارە نیە، بەڵکو بوونیان لەحکومەت و پەرلەمان گرنگە و دەبێت ڕەچاوی مافی پێکهاتەکان بکرێت."

دەربارەی ئەو ڕەخنانەی لە نوێنەری پێکهاتەکان لە نێو حکومەت و پەرلەمان دەگیرێن، بەوەی نوێنەرایەتی پێکهاتەکان ناکەن و نزیکایەتیان لە لایەنێکی سیاسی دیاریکراو، کردوونی بە نوێنەر، ئایدن مەعروف وتی"باوەڕ ناکەم شتی وا هەبێت، ئێمە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی پێکهاتەکان دەکەین لەنێو حکومەت و پەرلەمان، حکومەتیش پشتگیری پێکهاتەکان دەکات، ئەم بۆچوونە هەڵەیە، گوایە پێکهاتەکان سەربە لایەنێکی سیاسین، ئەگینا لایەنە باڵادەستەکان، بەتایبەت، پارتی، یەکێتی و گۆڕان، پشتگیری لە مافی پێکهاتەکان دەکەن."

لە بەشێکی تری قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان کە نوێنەرایەتی کوتلەی تورکمانیش لە نێو حکومەتی هەرێم دەکات، ئاماژەی بەوەکرد پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم و تورکیا لە ئاستێکی باشدایە، وتی"باشی پەیوەندیەکان لەڕووی سیاسی و دبلۆماسی و بازرگانیەوە بۆ هەردوولا باشە."

دەربارەی گرێبەستی نەوتی نێوان هەرێم و تورکیا، ئایدن مەعروف دەڵێت"یەک لە کارە باشەکانی حکومەتی هەرێم، ڕێککەوتن بووە لەسەر نەوت و بازرگانی لەگەڵ تورکیا."

لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکادا، دەربارەی ئەوەی ئایا ئایدن مەعروف ناوەڕۆکی گرێبەستە بازرگانی و نەوتیەکەی نێوان هەرێم و تورکیای بینیووە، وەکو وەزیرێکی حکومەت، وتی"ڕێککەوتنەکە پێشتر کراوە، ڕێککەوتنەکە ئیجابیەو بۆ بەرژەوەندی هەموو لایەکە."

لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، هاتە سەر باسی کەرکوک و دۆخی ئەو شارەی بە هەستیار ناوبرد، داوای لە پێکهاتەو نەتەوەکان کرد، ڕەچاوی پێکەوە ژیان بکەن، کەرکوک بە ڕێککەوتنی هەموو لایەک بەرنەڕێوە، چونکە هیچ لایەنێک ناتوانێت بەتەنها بەسەر کەرکوکدا باڵادەست بێت.

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:05:43 0:00


XS
SM
MD
LG