Accessibility links

دادگایەکی سعودیە سزای چالاکوانێکی مافەکانی ژنان دەدات


دادگایەکی عەرەبستانی سعودیە سزای 6 ساڵ زیندانی سەپاندووە بەسەر لجین ئەلهەزلول‌، چالاکوانی بەناوبانگی مافەکانی ژنان.

ئاژانسی دەنگوباسی سەبەقی سەر بە دوڵەت، ڕایگەیاندووە دادگای دژە تیرۆری عەرەبستانی سعودیە ئەلهەزلولی بە هاندانی بۆ گۆڕانکاری، هەوڵەکانی بۆ بەجێگەیاندنی ئەجێندای بیانی و بەکارهێنانی ئەنتەرنێت بۆ زیانگەیاندن بە ئاسایشی گشتی، تاوانبار کردووە.

ئەلهەزلول لە ساڵی 2018 وە لە زینداندایە، پاش ئەوەی لەگەڵ بەلایەنی کەم 10 چالاکوانی دیکەی مافەکانی ژنان دەستگیر کرا.

ئەو داوای چاکسازی کردووە لە ناویاندا کۆتاییهێنان بەو یاسایانەی کە دەبێت نێرینەیەک سەرپەرشتی ژن بکات وهەروەها داوای کردووە ڕێگەدان بە ئاژوتنی ئۆتۆمبێل لەلایەن ژنانەوە بدرێت.

دۆسێکەی ئەم خانمە بووە هۆی ڕەخنەی شارەزایانی مافەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ و یاسادانەرانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و یەکێتی ئەورپا.

XS
SM
MD
LG