Accessibility links

وڵاتانی کەنداو و قەتەر لێک نزیک دەبنەوە


گەورە کاربەدەستانی وەزارەتەکانی دەرەوەی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەیاندا تاووتوێی ئامادەکارییەکانیان کرد بۆ کۆبوونەوە لوتکەییەکی مانگی داهاتوو لە شانشینی عەرەبستانی سعودیە.

ئەو کۆبوونەوەیەش پاش هەوڵ و کۆششێکی چڕ و پڕە تا دەریچەیەک بۆ قەیرانی قەتەر بدۆزرێتەوە.

لەم کۆبوونەیەدا کە بەحرین ڕێکیخستبوو وەزیرانی دەرەوەی عەرەبستانی سعودیە و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و سوڵتاننشینی عومان و کوێت ئامادەی بوون، وەزیری دەرەوەی وڵاتی قەتەر ئامادە نەبوو بەڵام وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی قەتەر نوێنەرایەتی دۆحەی دەکرد.

ئەم بەشدارییەی شێخ موحەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال ثانی، وەک ئاماژەیەکە بە لێکنزیک بوونەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ قەتەردا.

شانشینی عەرەبستانی سعودیە و هاوپەیمانەکانی (میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و بەحرەین و میسر) لە مانگی 6ی ساڵی 2017ەوە و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەردا بڕی و ڕێگەشیان لێگرت لەوەی سنوری ئاسمانی هیچ یەکێک لەو وڵاتانە بەکاربهێنێت.

ئەو وڵاتانە، وڵاتی قەتەریان گوناهبار دەکرد بەوەی دارایی دابین دەکات بۆ بزووتنەوە ئیسلامییە توندڕەوەکان، قەتەر بە توندی ئەو گوناهبارکردنەی ڕەت کردۆتەوە، هەروەها دۆستایەتی قەتەر لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا بەشێکی تری کێشەی هەر یەکێک لەو وڵاتانە بووە لەگەڵ دۆحەدا.

لەم ماویەی ڕابردوودا، عەرەبستانی سعودیە و هاوپەیمانەکانیشی خواستی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە لەگەڵ قەتەردا دەربڕیوە.

ڕێبەرانی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو بڕیارە ڕۆژی 5ی مانگی یەکی داهاتوو لە عەرەبستانی سعودیە کۆببنەوە و ئامادەبوونی شێخ تەمیم بن حەمەد ئال ثانی، میری قەتەر لەو کۆبوونەوەیەدا، نیشانەیەکە بۆ لێکنزیکبوونەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی کوێت، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەدا "کاربەدەستان پشتیوانی و تۆکمەکردنی کاری هاوبەشیان لە کەنداودا لە بوارە جیاجیاکانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا تاووتوێ کردووە."

ئەم هەوڵانە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کەنداو کە زیانێکی زۆری ئابوری لەو ناوچەیەدا هێناوەتە ئاراوە، لە کاتێکدان ناوچەکە چاوەڕوانی ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتە لە ئەمریکادا و جۆو بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا بچێتە کۆشکی سپی.
ئەم قەیرانەی کەنداو، گرفتی بۆ ئەمریکا دروستکردبوو لەو هەوڵانەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران دەیدا لەو ناوچە ستراتیژیەدا و وەک دەگوترێت بایدن پێشوازی لەو چارەسەرکردنە دەکات.

سەرچاوە ئاگادارەکان لە دانوستاندنەکان دەڵێن ئەو وڵاتانەی بڕیاری بڕینی پەیوەندییەکانیان داوە لەگەڵ قەتەردا، ئامادەن بەوەی ئاستی داواکارییەکانیان لە قەتەر کەم بکەنەوە. یەکێک لەو داواکاریانە داخستنی کەناڵی ئەلجزیرە بووە.

وەهاش چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوە لوتکەییەکەی مانگی داهاتووی عەرەبستانی سعودیەدا بەلانیکەم قەیرانەکە بخرێتە سەر ڕێڕەوی چارەسەرکردن، ئەمە ئەگەر چارەسەرییەکی بەرفراوان و یەکلاکەرەوە بۆ قەیرانەکە نەیەتە ئاراوە.

XS
SM
MD
LG