Accessibility links

وەزیری بەرگری تورکیا هەڕەشە لە ژەنەراڵ خەلیفە حەفتەر دەکات


وەزیری بەرگری تورکیا دەڵێت تەواوی هێزەکانی خەلیفە حەفتەر سەرکردەی لیبیایی کە لە ڕۆژهەلاتی لیبیادان بە "ئامانجی ڕەوا" دادەنرێن ئەگەر بێتوو هێزە سەربازییەکانی تورکیا بکەونە بەر هەر هێرشێک.

خلوسی ئاکار لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا لە تەرابلوس ئاماژەی بەوە کردووە وەک دەڵێت "کێشەی سەرەکی لە لیبیا دەستە و تاقمە کودەتا چییەکەی حەفتەر و لایەنگرەکانین."

ئەم سەردانەی ئاکار بۆ تەرابلوس کە پێشتر ڕانەگەیەندرابوو، پاش پەسەندکردنی پەرلەمانی تورکیایە بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزە سەربازییەکانی تورکیا لە لیبیادا. ڕۆژی سێشەممە پەرلەمانی تورکیا ئەو درێژکردنەوەیەی پەسەند کرد.

وێڕای ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەست کە یەکێک لە بەندەکانی چوونە دەرەوەی هێز و چەکدارە بیانییەکان لە لیبیادا لە ماوەی 3 مانگدا، پەرلەمانی تورکیا بڕیاری درێژکردنەوەی مانەوەی هێزە سەربازییەکانی خۆی دەدات لە لیبیادا.

لەوەتای ڕاپەڕینەکەی ساڵی 2011ی لیبیاوە کە هاوپەیمانێتی ناتۆ پشتیوانی لێدەکرد و ئەنجامەکەشی ڕوخاندنی دیکتاتۆرییەتی موعەمەر ئەلقەزافی بوو، لیبیا لە ئاژاوە و گێرەشێوێنیدایە.

لیبیای دەوڵەمەند بە نەوت دابەشبووە بەسەر دوو ناوچەدا و یەکێکیان ئەو حکومەتە بەڕێوەی دەبات کە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی دەکات و پایتەختەکەی تەرابلوسە، ئەوی تریشیان لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەدایە بەرەنگاری حکومەتەکەی تەرابلوس دەبێتەوە.

هەر یەکێک لەو دوو دەسەڵاتەی ناو لیبیا لە لایەن ژمارەیەک لە ڕێکخراوە میلیشیاییە خۆجێییەکان و وڵاتانی ناوچەکە و بیانیش پشتیوانی دەکرێن.

لە مانگی 4ی ساڵی 2019دا، حەفتەر و هێزەکانی هێرشیان کرد وەک هەوڵێک بۆ دەستبەسەرداگرتنی تەرابلوس، بەڵام شکستی هێنا پاش ئەوەی تورکیا پشتیوانییە لەشکرییەکانی خۆی چڕ کردەوە بۆ ئەو حکومەتەی لە تەرابلوس هەیە.

تورکیا سەدان هەزار سەربازی لەشکری وڵاتەکەی و میلیشیا سوریاییەکانی لە لیبیادا داناوە بۆ پشتیوانکردنی هاوپەیمانە لیبیاییەکانی.

لە کۆتایی مانگی 10ی ڕابردوودا، هەردوو لای بەشەڕچوو لە لیبیادا بە ناوبژیکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێککەوتنی ئاگربەستیان مۆرکرد و یەکێک لە بەندەکانی ئەو ڕێککەوتنەش، ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکانی نێوانیان بوو.

XS
SM
MD
LG