Accessibility links

هێرشی چەکدارەکان لە هەرێمی بەلوجستان لە پاکستان


بەلانیکەم 7 کارمەندی هێزە ئاسایشییەکانی پاکستان کوژراون هاوکاتی هێرشی ژمارەیەک چەکدار بۆ سەر بنکەیەکی پشکنینی هێزێکی نیمچە لەشکریی.

لە ڕاگەیەندراوەکەی لەشکری پاکستاندا هاتووە " هێرشەکە زوویەکی ئەمڕۆ یەکشەممە کراوەتە سەر بنکەیەکی پشکنین لە ناوچەی هارنای لە هەرێمی بەلوجستان."

شاولی تارین، ئەفسەری باڵای پۆلیس لەو ناوچەیەی پاکستان دەڵێت 6 کارمەندی ئاسایش و 2 پاسەوانی تایبەت لە کاتی هێرشەکەدا کوژراون و دەشڵێت 6 سەربازی تریش بریندارن و برینەکانیان قورسن و ڕەوشی تەندروستیشیان ناجێگیرە.

تارین، ئاماژەشی بەوە کردووە بەر لەوەی هێزی تری ئاسایشی بگەنە جێی ڕووداوەکە، هێرشبەرەکان ڕایانکردووە بەرەو هەوراز و نشێویە شاخاویەکەی ناوچەکە.

ئەم هێرشەش یەک ڕۆژ پاش تەقینەوەی بۆمبێکە لە نزیک ستادیۆمێکی تۆپی پێ لە ناوچەی بانجور لە باشوری ڕۆژئاوای هەرێمی بەلوجستان. لەو تەقینەوەیەدا 2 کەس کوژراون.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشانە ڕانەگەیاندووە. پێشتر دەستە و تاقمە جوداییخوازەکان بەرپرسیارێتی خۆیان لە هێرشی هاوشێوە ڕاگەیاندووە و هەروەها چەکدارە ئیسلامییەکان لەو ناوچەیەدا جموجۆڵێکی زۆریان هەیە.

هەرێمی بەلوجستان لە شەڕدایە لەگەڵ ئەو یاخیبوانەی داوای خودموختارییەکی تەواو دەکەن و هەروەهاش داوای بەشێکی گەورەی داهاتەکانی گازی سروشتی و کانزاکانی ناوچەکەیان دەکەن بۆ دانیشتوانی هەرێمەکە.

XS
SM
MD
LG