Accessibility links

ئاگر کەوتنەوە، سەدان پەنابەری سوریایی ناچار دەکات ئۆردوگایەکی لوبنان جێبهێڵن


کاربەدەستانی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها لوبنانیش دەڵێن زیاتر لە 300 پەنابەری سوریایی ناچاربوون ئۆردوگایەکی نافەرمی جێبهێڵن لە باکوری لوبناندا پاش ئەوەی ئاگرێک دەکەوێتەوە و هەموو دەوار چادرەکانی ئەو ئۆردوگایەی سوتاندووە.

هێزی بەرگری سیڤیلی لە لوبنان دەڵێت، لە کاتژمێرە درەنگەکانی ڕۆژی شەممەدا ئاگرەکە کەوتۆتەوە و 4 کاتژمێری ویستووە تا ئاگرکوژێنەوەکان بتوانن دایبمرکێننەوە.

دوای شەڕی خێزانێکی لوبنانی و ژمارەیەک لەو سوریاییانەی لە ئۆردوگاکەدا دەژیان ئاگرەکە کەوتۆتەوە، بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی لوبنان.

کاربەدەستێکی لوبنانی دەڵێت، لەشکر لێکۆڵینەوە دەکات لە هۆکاری ئاگر کەوتنەوەکە دەستیشیکردووە بە دەستگیرکردنی ئەوانەی دەستیان هەبووە لە شەڕەکەدا. ئەو کاربەدەستە بەو مەرجەی ناوی نەهێنرێت لێدوانەکەی داوە بە ئاژانسی دەنگ و باسی ئەسیۆسێتد پرێس، وەک دەڵێت چونکە هێشتا ڕاگەیەندراوی فەرمی لەسەر ئەم دۆسێیە بڵاونەکراوەتەوە.

خالد کەبارە، وتەبێژی ئۆفیسی یو ئێن بۆ کاروباری پەنابەران لە لوبنان دەڵێت نزیکەی 375 کەس لە ئۆردوگاکەدا دەژین و ئۆردوگاکەش لەسەر پارچە زەوییەکە بە کرێ گیراوە. کەبارە دەڵێت ئاگرەکە تەواوی ئۆردوگاکەی سوتاندووە و هیچی نەماوەتەوە و دەشڵێت 4 کەسیش بریندارن و گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.

لە لێدوانەکەشیدا کەبارە باسی لەوەش کردووە، ژمارەیەک لە پەنابەران ئەمڕۆ یەکشەممە گەڕاونەتەوە ئۆردوگاکە تا بزانن دوای ئاگر کەوتنەوەکە هیچ شتێکیان ماوەتەوە یان نا. دەشڵێت پەنابەرەکان چوونەتە ناو ئۆردوگاکانی تر و هەندێک لە ماڵەکانیش لەو ناوچەیەدا میواندارییان لە ژمارەیەک پەنابەر کردووە.

زیاتر لە یەک ملیۆن پەنابەری سوریایی لە لوبنانن و ئەمەش قورساییەکی زۆری خستۆتە سەر ژیرخانی وڵاتەکە، لە کاتێکدا بەیروت خۆی لەژێر فشاری ئابوریدایە.

پشێوی نێوان لوبنانییەکان و سوریاییەکانیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی سوریا بۆ زیاتر لە 30 ساڵ کۆنترۆڵی لوبنانی کردبوو و بە هەزاران سەربازی خۆیی ناردبووە ئەو وڵاتە بچوکەی دراوسێی. هێزە سەربازییەکانی سوریا لە ساڵی 2005داکشانەوە پاش کوژرانی ڕەفیق حەریری، سەرەک وەزیری لوبنان.

کوژرانەکەی حەریری، شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایی لە دژی سوریا دروستکرد.

XS
SM
MD
LG