Accessibility links

لە تورکیا پەخش کردنی کەناڵێکی تیڤی ڕادەگیرێت


تەلەفزیۆنێکی کەرتی تایبەت لە تورکیا کە ڕوانینی ئۆپزسیۆنی کوردی دەگواستەوە ڕایدەگەیەنێت ناچارکراوە پەخشی بەرنامەکانی ڕابگرێت پاش کەمتر لە یەک مانگ لە دەستبەکاربوونی.

ڕاگرتنی پەخشی بەرنامەکانی ئەو کەناڵە تەلەفزیۆنیە، ترس و نیگەرانییەکانی لە تورکیادا زیاتر کردوە لەسەر دۆسێکانی تایبەتن بە ئازادی ڕۆژنامەوانی لەو وڵاتەدا کە ئازادییەکانی ڕادەربڕین هەروادێ و زیاتر بەرتەسک دەکرێنەوە.

کەناڵی "ئۆلای تی ڤی" لەلایەن جاوید تەشگلار، کاردار و وەزیری پێشووی تورکیاوە خاوەندارێتی دەکرێت و ڕۆژی 30 مانگی یازدە دەستی بە پەخشکردنی بەرنامەکانی کردووە و ڕۆژی هەینی بەرنامەکانی ڕاگرتووە و ڕاستەخۆش ئەو بڕیاری ڕاگرتنەی لە تەلەفزیۆنەکەوە بڵاوکردۆتەوە.

تەشگلار دەڵێت وەبەرهێنانی لەو کەناڵەدا ڕاگرت چونکە ئاڕاستەی میدیایی کەناڵەکە لەگەڵ ئۆپزسیۆنی سەر بە کورددا بووە، بەڵام سەرنوسەری کەناڵەکە دەڵێت "نەخێر، ملی داوە بۆ فشارەکانی حکومەتی تورکیا."

سولەیمان ساریلار، بەڕێوبەری جێبەجێکاری کەناڵی "ئۆلای تی ڤی" ئاماژەی بەوە کردووە، سیاسەت و ڕێبازی ئەو کەناڵە تەلەفزیۆنییە "پاراستنی هاوسەنگی بووە لە نێوان تەواوی پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی تورکیادا، بەڵام بۆمان دەرکەوتووە کە ناتوانین درێژە بدەین بە کارکردنمان بەو ئاڕاستەیەدا."

ساریلارلە وتارەکەیدا باسی کردووە کە " تەشگلار کەوتۆتە ژێر فشارێکی زۆری حکومەتی تورکیاوە و ناتوانێت چییدی بەردەوام بێت." دوای ئەو وتارەش دەستبەجێ کەناڵەکە پەخشی بەرنامەکانی ڕاگرت.

لە ڕاگەیەندراوێکیشدا تەشگلار دەنوسێت "کەناڵی تەلەفزیۆنەکەی نەیتوانیوە بێلایەنی خۆی بپارێزێت و زۆریش نزیک بووە لە هەدەپە."
حکومەتی تورکیا پارتی گەلانی دیموکرات بە باڵی سیاسی پارتی کرێکارانی کوردستان ناودێر دەکات.

پەکەکە لە ساڵی 1984ەوە یاخیبوونێکی چەکداریی دژ بە حکومەتی تورکیا دەستپێکردووە.

تەشگلار دەڵێت "چالاکوانێکی ناوەڕاست ڕاستڕەوم و خزمەتی وڵاتەکەمم کردووە، بەڵام هەواڵەکانی کەناڵی ئۆلای تی ڤی زیانی لە پێگەی سیاسیم داوە. لەگەڵ هاوبەشەکەمدا باسمان کردووە و پێشنیازیشم کردووە تیمێکی نوێی ڕۆژنامەوانان کەناڵەکە بەڕێوەبەرن." دەشڵێت بەڵام هاوبەشەکەی ئەو پێشنیازەی ڕەتکردۆتەوە و هەربۆیەشە وەک دەڵێت "ناتوانێت بەردەوام بێت و دەکشێمەوە."

بەردەوام ڕەخنە و ناڕەزایی هەیە بەرامبەر تورکیا بەهۆی بەرتەسک کردنەوەی ڕووبەرەکانی ئازادی ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین. تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی ژمارەیەکی زۆری ڕۆژنامەوانانی تیادا زیندانی دەکرێن.

بەپێی ڕیزبەندی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنور، تورکیا لە ڕیزبەندی 154دایە بۆ ئازادی ڕۆژنامەوانی لەو ریزبەندییەی بۆ 180 وڵات کراوە.

XS
SM
MD
LG