دەزگای پۆلیسی فێدراڵی ڕوسیا ڕایدەگەیەنێت پیلانی هێرشێکی تێرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی پوچەڵ کردۆتەوە لە داغستان.
دەزگای ناوبراو لە لێدوانەکەی ئەمڕۆ شەممەیدا ئاماژەی بەوەش کردووە 4 گومانباریان دەستگیرکردووە لەو کۆمارە ڕوسیاییەی ناوچەی قەوقازدا و دەشڵێت ئەو شانەیەی داعش نەخشەڕێژییان بۆ بەجێگەیاندنی پیلانەکە دەکرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی دەزگای پۆلیسی فێدراڵی ڕوسیا "ئەندامانی ئەو شانەیە پیلانی تەقاندنەوەی بۆمبێکیان هەبووە لەنزیک باڵەخانەیەکی هێزی ئاسایشی و ئەوجاش هێرشکردنە سەر فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆ" لە پایتەختی داغستاندا کە لە ڕووی ئاسایشییەوە لە ڕەوشێکی جێگیردا نییە.
هەر لە درێژەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، دەست گیراوە بەسەر ژمارەیەک چەک و چەقۆ و قەمە و بڕێکی زۆری تەقەمەنیشدا و هەروەها ژمارەیەک تەلەفونی مۆبایلیش کەوتوونەتە دەست هێزی پۆلیسەوە و پاش لێکۆڵینەوە کردن، ئەو پەیوەندییە تەلەفونیانەی کراون لەگەڵ ڕێکخەرانی پیلانی ئەو هێرشەدا لە دەرەوەی داغستاندا ئاشکرابوون.
پۆلیسی فێدراڵی ڕوسیا دەڵێت "چوار ئەندامی دەوڵەتی ئیسلامی دەستگیرکراون."
ئەم دەستگیرکردنانەش دوابەدوای هێرشەکەی ڕۆژی 17ی مانگی 12ی ئەمساڵە بۆسەر هێزە ئاسایشییەکانی کۆماری چەچان. لەو هێرشەدا دووان لە هێرشبەران کوژران.
لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەری ڕێکخراوە تێرۆریستییەکەی دەوڵەتی ئیسلامی لەو ناوچەیەدا سنوردارە، بەڵام ئەو هێرشانەی دەسەڵاتداران دەکەنە ئامانج لە چەچان و داغستان ، ناوبەناو دووبارە دەبنەوە.