Accessibility links

ڕۆژنامەوانێکی ناوداری تری ئەفغانستان دەکوژرێت


کاربەدەستانی ئەفغانستان دەڵێن ڕۆژنامەوانێکی ناودار لە هەرێمی غەزنە کوژراوە پاش ئەوەی ژمارەیەک چەکداری نەناسراو تەقەی لێدەکەن.

ڕەحمەتوڵا نیکزاد، سەرۆکی یەکێتی ڕۆژنامەوانانی هەرێمی غەزنە بووە و لە ساڵی 2007یشەوە لەگەڵ ئاژانسی دەنگ و باسی ئەسیۆشێتد پرێسدا کاری کردووە و بەهەمان شێوەش لەگەڵ کەناڵی ئەلجزیرەدا.

وتەبێژی سەرۆکی پۆلیسی ئەو هەرێمەی ناوەڕاستی ئەفغانستان دەڵێت ئەمڕۆ دووشەممە تەقە لە نیکزاد کراوە لە نزیک ماڵەکەی خۆی لە شاری غەزنە و لە کاتێکیشدا تەقەی لێکراوە کە ویستویەتی بچێت بەرەو مزگەوتێکی نزیک ماڵەکەی.

بەشێکی زۆری ناوچەکانی هەرێمی غەزنە لەژێر کۆنترۆڵی تاڵیبانەکاندان.

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لەو کردەی کوشتنە ڕانەگەیاندووە. بەڵام لە سەرەتای ئەم مانگەدا بوو، توندڕەوانی دەوڵەتی ئیسلامی بەرپرسیارێتی خۆیان ڕاگەیاند بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژنامەوانێکی ناوداری ئەفغانستان.

لە ماوەی کارکردنیدا، نیکزاد چەند جارێک دەستگیر کراوە لەلایەن ئەمریکاوە و لەلایەن حکومەتی ئەفغانستان و هەروەها لەلایەن تاڵیبانەکانیشەوە، هاوکارەکانیشی دەڵێن هەموو کاتێک لە ڕاپۆرتەکانیدا ڕای تەواوی لایەنەکانی گواستۆتەوە.

تاڵیبان نکوڵی دەکات لەوەی دەستی هەبووبێت لەو کردەی کوشتنەی نیکزادەدا.

زەبیحوڵا موجاهید، وتەبێژی تاڵیبان دەڵێت "تاڵیبان ئەو کردەی کوشتنە بە کارێکی ترسنۆکانە ناودێر دەکات."

کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان لە ئەفغانستان دەڵێت لە سەرەتای ساڵەوە تا ئێستا، 7 میدیاکار لەو وڵاتەدا کوژراون.

XS
SM
MD
LG