Accessibility links

کوژرانی ژنێک وەزیری بەرگری ئیسرائیل دێنێتە دەنگ


پۆلیسی ئیسرائیل دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە پاش دۆزینەوەی تەرمی ژنێک لە دارستانێکدا نزیک لە ئۆردوگایەک لە کەناری ڕۆژئاوا.

ڕۆژی یەکشەممە کەسوکارەکەی هەواڵی دیارنەمانی ئەو ژنەیان بە پۆلیس ڕاگەیاندبوو.

لە وتەکانیاندا بۆ پۆلیس، کەسوکاری ژنە دیارنەماوەکە، وتوویانە تەرمەکەیان دۆزیوەتەوە و نیشانەی ئەشکەنجە و توندوتیژی بە جەستەیەوە بووە.

میدیای ئیسرائیلی زانیارییان لەسەر ئەم ژنە کوژراوە ئاشکرا کردووە و "ناوی ئیسزەر هۆرگنە و تەمەنی 52 ساڵە و دایکی 6 منداڵە و لە ئۆردوگای میناشێ ژیاوە."

تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هۆکار و وردەکارییەکانی مردنی ئەو خانمە ئیسرائیلییە ئاشکرا نەکراوە و پۆلیس فرمانیداوە وردەکاری لێکۆڵینەوەکان لە ئێستادا ئاشکرا نەکرێن، بەڵام بەرپرسانی ئۆردوگای میناشێ دەڵێن لە ئاکامی هێرشێکی فەلەستینیەکان کوژراوە.

بێنی گانتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا نوسیویە "کوژرانی ئەو ژنە تاوانێکی قێزەونە و هێزە ئیسرائیلییەکان کار بۆ دەستگیرکردنی ئەوانە دەکەن کە بەرپرسن لەو کردەی کوشتنە."

نزیکەی پێنجسەد هەزار نیشتەجێبووی ئیسرائیلی لە کەناری ڕۆژئاوا دەژین، لەو ناوچانەی تەلئەڤیڤ لە ساڵی 1967دا دەستی بەسەردا گرتوون.

فەلەستینییەکان دەیانەوێت کەناری ڕۆژئاوا ببێتە بەشێک لە دەوڵەتەکەی ئایندەیان و وەهاش دەڕواننە ئۆردوگاکان کە نایاسایین و تەگەرەشن لەبەردەم ئاشتیدا. ئەمەش ئەو ڕوانینەیە کە هاوڕایی لەسەرە لەلایەن بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی نێونەتەوەییەوە.

XS
SM
MD
LG